٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كونسووڵی سعوودیا لە هەولێر: پێشمەرگە سەری ڕمە لەبەرەی دژی تیرۆردا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، کونسووڵی گشتیی عەرەبستانی سعوودیا پێشمەرگەی كوردستانی بە سەری ڕم لە بەرەی دژی تیرۆردا لەقەڵەم دا و دووپاتی كردەوە، پێشمەرگە مایەی شانازیی كوردستان و تەواوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعشە.

  سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 28 - 2 - 2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێز د. عبدالمنعم عبدالرحمن محمود كونسولی گشتیی شانشینی عەرەبستانی سعوودیە لە هەولێر و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز كونسووڵی عەرەبستانی سعوودیا سوپاسی پێشوازی گەرمی حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ كاری كونسوڵخانەی عەرەبستانی سعوودیا لە هەولێر كرد و هیوای خواست كە ببێتە پردێك لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدان و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا. لە بارەی ڕۆڵی پێشمەرگە لە شكاندنی تیرۆریستانی داعش، كونسووڵی عەرەبستانی سعوودیا پێشمەرگەی كوردستانی بە سەری ڕم لە بەرەی دژی تیرۆردا لەقەڵەم دا و دووپاتی كردەوە كە پێشمەرگە مایەی شانازیی كوردستان و تەواوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعشە.

دەربارەی ڕەوشی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆریش لە هەرێمی كوردستان، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لە چوارچێوەی بەرنامەی خێرخوازیدا، بەنیازە هاوكاریی ئاوارەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بكات و بۆ ئەمەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیدایە. هەروەها دووپاتی كردەوە كە هاندانی سەرمایەداران و پیاوانی كاری عەرەبستانی سعوودیە لە پێشەوەی كارەكانی كونسولخانەكەیان لە هەولێر دەبێت بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی كوردستان سەرمایەداری  بكەن و بەشداری لە وەبەرهێنان و پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەیدا بكەن بە تایبەتی كە هەرێمی كوردستان زەمینەی لەباری بۆ گەشتیاری هەیە و خواستێكی گەورەی پیاوانی كاری عەرەبستانی سعوودیەش لەمبارەیەوە هەیە.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای بەخێرهاتن، پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە كوونسوڵی گشتیی شانشینی سعوودیا لە هەولێر كرد و هیوای سەركەوتنی لەكارەكانیدا بۆ خواست. خۆشحاڵیی خۆیشی بە بەرنامەی كاری كونسولخانەی عەرەبستانی سعوودیە لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و دووپاتی كردەوە كە دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ پیاوانی كار و وەبەرهێنەرانی عەرەبستانی سعوودیە لە هەرێمی كوردستان كراوەیە و دەتوانن لە هەموو بوارەكانی پیشەسازی، گەشتیاری و كشتوكاڵی و بوارەكانی دیكەدا لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن و بەشداری لە بونیاتنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستاندا بكەن.

پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەرێمی كوردستان و عێراق بەگشتی لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعوودیە و خواستی هەموو لایەك بۆ برەودان بەو پەیوەندیانە، بەشێكی دیكەی دیارەكە بوو.

 

هەواڵی پەیوەندیدار