٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگای هەولێر: دەبێ نرخی پێداویستییەکان سەدا٣٠ كەم بكرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە كاركردن بەردەوامن بۆ كەمكردنەوەی نرخی هەموو ئەو پێداویستیانەی پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانەوە هەیە، تاوەكو ئێستایش نرخی زۆریەی كاڵاكانیان كەم كردووەتەوە.

(هێرش حوسێن)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەكو پارێزگای هەولێر بەردەوامین لە كاركردن بۆ داشكاندنی نرخی كەلوپەلەكانی پەیوەست بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانەوە و، بۆ ئەو مەبەستەیش بە چەند سیستەمێك كار دەكەین، لەوانە خەڵكی شارەزا رەوانە دەكەین بۆ ناو بازاڕ كە نرخەكان وەربگرن و بزانین چۆن دەتوانین نرخەكان كەم بكەینەوە، سیستەمێكی دیكەیش ئەوەیە، دوای داشكاندنی نرخەكان، چاودێریكردنە، لەبەر ئەوەی گەر چاودێریكردن و سزادان نەبێت، كەواتا ئێمە هیچمان نەكردووە".

(حوسێن) گوتیشی: "هەفتەی رابردوو ئێمە وەك شاندێك چووینە حاجی ئۆمەران بۆ ئەوەی هەموو ئاسانكارییەك بۆ بازرگانەكان بكەین و نرخی بارهەڵگرەكان دابەزێنین و ئەو رۆتینەی هەیە، نەیهێڵین و هەستمان كرد لە ماوەی هەفتەیەكدا نرخی بەنزین بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، ئەمەیش دوای ئەوە هات كە بازرگانەكان هان دران وەبەرهێنانێكی زۆر بكەن با قازانجێكی كەمیشی هەبێت".

سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون لە پارێزگای هەولێر دەشڵێت: "دەستەڵاتەكان لامەركەزین و هەر پارێزگایەك دەتوانێ خۆی ئیش بكات و پەیوەندی بە پارێزگاكانی دیكەوە نییە، بۆ نموونە ئێمە ئاسانكاریمان بۆ بازرگانەكان لە رێگەی كەركووك و دوبز كردووە بوتڵی غاز لە بازاڕی ڕەسمی بە 7 هەزار و٥٠٠ دینار بوو، بەڵام دوای ئەو ئاسانكارییە لە بازاڕی ئازاددا بووەتە شەش هەزار دینار".
(هێرش) ڕوونیشی كردەوە، ئۆتۆمبێلیش نرخی كەم بووەتەوە و گرێبەستی ئۆتۆمبێل٣٠ لە سەد كەم بووەتەوە، هەروەها شوشتنی ئۆتۆمبێل ٢٥%كەم بووەتەوە و خزمەتگوزارییە گەشتیارییەكانیش پێویستە لە سەرجەم میوانخانەكان ٣٠%كەم بكرێتەوە .
جەختیشی كردەوە، ئەوان لە كاری خۆیان بەردەوام دەبن تاوەكو قەیرانەكە بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە هەموو كاڵایەك ٣٠%نرخەكەی كەم بكرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش هەموو ئاسانكارییەك بۆ بازرگانان دەكەن.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار