٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەو ئەمیرانەی نەخشەی سەربازییان دادەنا، بە دەستی پێشمەرگە لەناو چوون"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەڵێت، داعش لە بەرەی شەڕی هەرێمی كوردستانەوە شكستی بردووە و، تەواوی ئەو ئەمیرانەیش كە نەخشەی سەربازییان دادەنا، بە دەستی پێشمەرگە لەناو چوون.

(قادر قادر)، بەرپرسی میحورەی گوێڕ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "داعش لە بەرەی شەڕی هەرێمی كوردستانەوە تووشی شكستی گەورە بووە، بۆیە لەناوچوونیان زۆر نزیك بووەتەوە، ئەگەر بڕیار وابێت زیانەكانی داعش پۆلین بكرێت، پشكی شێری لە شەڕ بەرانبەر هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا بەردەكەوێت، بە جۆرێك پێشمەرگە دڵی داعشی لاواز كردووە كە بریتی بوو لە تێكشكاندنی قوڵایی ئەو هێڵە هێرشبەرەی لە سنووری مووسڵ بەرانبەر بە هەرێمی كوردستانی داینابوو".

گوتیشی: "لە هێرشەكانی بۆ سەر هێزی پێشمەرگە، داعش تەواوی ئەو ئەمیرانەی لە دەست داوە كە پێشتر نەخشەی سەربازییان دادەنا و، بەشێك لەو ئەمیرانەیش كۆنەبەعسییەكان بوون كە لە كاری سەربازی شارەزا بوون".

(قادر) دەشڵێت: "حكوومەتی عێراق لە پرۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵدا زۆر دوا كەوت، بە تایبەتی شەڕی تكریت ماوەی ساڵێكی خایاند، ئێستایش دیار نییە كەی دەست بە پرۆسەكە دەكرێت، بەڵام بەبێ هەماهەنگیی پێشمەرگە بە دڵناییەوە سەركەوتن بەدەست ناهێنێت، چونكە داعش لە بەرانبەر پێشمەرگەدا تەواو شكاوە".

ئەوەیشی خستە روو كە: بەشێكی زۆری ئەو چەكانەی داعش بەرانبەر بە پێشمەرگە بەكاری هێناون، چەكی سوپای عێراق بوون كە ئەوەیش نیشانەی لاوازیی هەیكەلیەتی سوپای عێراقە.

كارزان سەباح

هەواڵی پەیوەندیدار