بەرەی پشتگیری لە بڕیارەكانی سەرۆك بارزانی، فراوان دەكرێت

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان، ئاماژە بەوە دەدات كە هەوڵێكی جیددی لە ئارادایە بۆ پشگری لە بڕیارەكانی (سەرۆك بارزانی)، تا قۆناغی چاكسازی لە كوردستاندا هەنگاوی باش و مەزن ببڕێت. دەشڵێت، كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەسەر دیاریكردنی میكانیزمێكە بۆ قۆناغەكانی چاكسازی.
(د.محەممەد عەلی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی زەرددا كار لەسەر دۆزینەوەی میكانیزمێك دەكەین بۆ بڕیارەكانی (سەرۆك بارزانی) لەبارەی چاكسازیی ڕیشەیی لە دامودەستگاكانی حزب و حكوومەتدا، دەیشمانەوێت بە گفتوگۆ لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكە و لایەنەكانی دیكەی كوردستان هەڵمەتێكی فراوان بۆ پشگیری لە بڕیارەكانی (سەرۆك بارزانی) دەست پێ بكەین".
(د. محەممەد) ئەوەیشی خستە ڕوو، ئەمرۆ وەك فراكسیۆن بڕیار لەسەر چۆنیەتیی كاركردن لەسەر بڕیارەكانی (سەرۆك بارزانی) دەدەن.
گوتەبێژی فراكسیۆنی زەرد دەشڵێت، بە هۆی بڕیاری چاكسازی لە حزب و حكوومەتدا، ئومێدێكی زۆر بۆ خەڵك گەڕاوەتەوە و، بۆ چۆنیەتیی جێبەجێكردنی بڕیارەكەیش، حكوومەت هەموو پاڵپشتی و ئامادەكارییەكی راگەیاندووە.




