دەبێ بەغدا نیەتی خۆی دیاری بكات.. ئازادكردنەوەی مووسڵ بە بێ پێشمەرگه ناكرێت

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بە بێ ئەوەی حكوومەتی عێراق بگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تاكلایەنە بڕیاری داوە كە گرێبەست بۆ كڕینی چەك واژۆ بكات، ئەوەیش لە كاتێكدایە كە لە كڕینی چەكەكاندا پشكی هەرێمی كوردستانی نەداوە.
(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا راپۆرتێكمان ئامادە كرد لەبارەی گەندەڵی لە كڕینی ئەو چەكانەی حكوومەتی عێراق لە ڕووسیا كڕیبوونی، بەپێی راپۆرتەكە گەندەڵییەكی زۆر كراوە، هاوكات گومانمان لە كڕین و گرێبەستی هەندێك چەك هەیە، چونكە حكوومەتی عێراق تاكلایەنە بڕیاری كڕینی داوە و دەبووایە بۆ ڕەزامەندبوون لەسەر كڕینی چەكەكان، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند بكرابایە".
(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "بەغدا بەپێی دەستوور مامەڵەی لەگەڵ ئەو چەكانەدا نەكردووە و پشكی سوننە و كوردیشی نەداوە، بۆیە دەبێت بە جیددی حكوومەتی عێراق وەڵامی هەرێمی كوردستان بداتەوە، یا ئەوەتا نیەتی خۆی دیاری بكات كە بەنیازە چەك بداتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، یان بەو شێوە دەستەوەستان دەمێنێتەوە؟ چونكە دەبێت بەغدا باش لەوە دڵنیا بێت كە پرۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵ بە بێ پێشمەر ناكرێت".
كارزان سەباح




