داواکاری گشتیی هەرێم بۆ دەزگاکانی راگەیاندن: دۆخی ئاسایشی هەرێم لەبەرچاو بگرن

هەولێر-KDP.info- لە نووسراوێكی فەرمیدا كە ئاراستەی دەزگا و كەناڵەكانی راگەیاندنی ھەرێمی كوردستان کراوە و واژۆی جێگری سەرۆکی داواکاریی گشتیی لەسەرە، داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات دۆخی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان بپارێزن.
لە نووسراوەكە ھاتووە: "پالپشت بە ئەحكامی ماددە (1) لە یاسای ژمارە 159 ساڵی 1979، وەك ئەركی خۆتان بە پێویستی دەزانین ئاگادارتان بكەینەوە پابەندبن بە ناوەرۆكی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 كاری رۆژنامەگەری لە ھەرێمی كوردستان".
لە بەشێكی دیكەی نووسراوەكەدا داواكاری گشتیی دەڵێ: "بەشێوەیەكی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ھەستیاری ھەرێمی كوردستاندا بكەن و خۆتان لە پەخش و بڵاوكردنەوەی ھەر بابەتێك بپارێزن كە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دەبێتە ھۆی شێواندنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان و چاندنی تۆی رق و كینە".
داواكاری گشتیی دەزگاكانی راگەیاندن ئاگادار دەكاتەوە: "ھەر دەزگایەك سەرپێچیی بكات و پابەند نەبێت، رێكاری یاسایی بەرامبەر وەردەگیرێت".




