ئەنجوومەنەكەی مووسڵ و ئەمەریكا ڕێ نادەن حەشدی شەعبی لە جەنگی مووسڵدا بەشدار بێ

مووسڵ-KDP.info- (هاشم بریفكانی) دەڵێ، رێگە نادرێ حەشدی شەعبی خۆی لە جەنگی ڕزگاركردنی مووسڵەوە بگلێنێ، چونكە ئەنجوومەنی پارێزگاكە و ئەمەریكایش بە باشی نازانن.
بە گوێرەی زانیارییەكان، دەمێكە ئامادەكاری بۆ رزگاركردنی مووسڵ كراوە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانان دەبێ.
لەمبارەیەوە جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (هاشم بریفكانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە رۆژانی رابردوودا ئێمە لەگەڵ فەرماندەی گشتیی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ (لیوا نەجم جبووری) و ئەفسەرانی هاوپەیمانان لە مەخموور كۆ بووینەوە و، دیار بوو كە ئامادەكارییەكی بەرچاو دەكرێت و چەندین هێزی سەربازی گەییشتوونەتە مەخموور، لە ئێستایشدا بەشێكی فیرقەی ١٥گەییشتووە و لیوای ٧٢ـیش بەرەو مەخموور بەڕێ كەوتوون، هەروەها هاوپەیمانانیش سەرقاڵی رەوانەكردنی چەك و تەقەمەنیی قورسن بۆ ئەو ناوچانە، بەڵام هێشتا نەگەییشتووەتە ئەو ئاستەی جەنگی ڕزگاركردن بەرپا بێ".
(بریفكانی) باوەڕی وایە كە، یەكەم جار پێویستە هەماهەنگیی زۆر باش لەگەڵ هەرێم بكرێت لەبەر ئەوەی ٣٥%ـی خاكی مووسڵی رزگار كردووە، بۆیە رۆڵێكی سەرەكی دەبێت لە رزگاركردنی مووسڵدا، جگە لەوەش پێویستە خەڵكی مووسڵیش تێیدا بەشدار بن.
جەختیش دەكاتەوە كە، ئەوان وەكو ئەنجوومەن، جگە لە خەڵكی مووسڵ، سوپای عێراق، هاوپەیمانان و پێشمەرگە، رێگە بە هیچ هێزێكی دیكەی دەرەوەی مووسڵ نادەن لە جەنگی رزگاركردنی مووسڵدا بەشدار بن.
گوتیشی: "بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا كۆ بووینەوە، ئەوانیش هەمان رای ئێمەیان هەبوو، پێشنیاز و داوای ئێمەیان پێ چاك بوو، بۆیە بڕیارمان دا كە حەشدی شەعبی لەو جەنگەدا بەشدار نابێ".
زانیارییشی دا كە، پلانی رزگاركردنی مووسڵ بە دوو قۆناغ دەبێت، سەرەتا ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ ڕزگار دەكرێن و دواتر ناوەوەی پارێزگاكە.
بڵند ئیبراهیم




