٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. تاریق خێركی: ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەبێ داوای لێبووردن لە پێشمەرگە و گەلی كوردستان بكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامی تۆڕی رێكخراوی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (د. تاریق خێركی)، دەربارەی راپۆرتەكەی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) دەڵێ، دەركەوت راپۆرتەكە بێبەڵگە و بنەمایە، بۆیە دەبێت ئەو رێكخراوە داوای لێبووردن لە هێزی پێشمەرگە بكات.

رۆژی 24/2/2016، رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)، راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان بڵاو كردەوە، چەند لاپەڕەیەكی ئەم راپۆرتە تەرخان كراوە بە رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
لەم بارەیەوە (د. تاریق خێركی) ئەندامی تۆڕی ریكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "(ئەمنستی ئینتەر ناشناڵ) راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە گوایە پێشمەرگەی كوردستان دوای ئازادكردنی گوندە عەرەبنشینەكان، ماڵەكانیان تێك دەدەن، بەو هۆیەوە رێكخراوی تۆڕی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوێنێ بە یاوەریی شاندێكی رێكخراوەكە سەردانی چەندین شوێن و گوندە عەرەبنشینەكانمان كرد كە پێشمەرگەی كوردستان ئازادیان كردوون، بە تایبەت ناوچە عەرەبنشینەكانی سنووری پارێزگای نەینەوا، بۆمان دەركەوت كە ئەم راپۆرتەی (ئەمنستی ئینتەر ناشناڵ) هیچ بنەمایەكی نییە و، هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەم راپۆرتە نەبووە، بە پێچەوانەوە چەندان خاڵمان بۆ روون بوونەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە چۆن هاوكاریی خەڵكی ئەو ناوچانە دەكەن و ژیانێكی ئاسایی تێیاندا دەگوزەرێ. ئێمە هیچ تێكدانێكمان نەدیت لەو ناوچانەدا، تەنیا شتێك كە تێك چووبێت، بە هۆی بۆردوومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوەیە و نیشانەكانیشی ڕوونن".

(خێركی) گوتیشی: "عەرەبنشینەكانی ئەم ناوچەیە زۆر دڵخۆش بوون بە رزگاركردنی گوندەكانیان، لە سەردانماندا بۆ ئەو ناوچانە ئەوەمان باش بۆ ڕوون بووەوە؛ بۆیە راپۆرتەكەیان رەت دەكەینەوە و شەرمەزاری دەكەین، نایشبێ جارێكی تر بەبێ بەڵگە ڕاپۆرت بڵاو بكەنەوە، داوایش دەكەین ئەمنستی ئینتەرناشناڵ داوای لێبووردن لە هەرێمی كوردستان و گەلی كورد و هێزی پێشمەرگە بكەن، چونكە پێشمەرگە گوندەكانی پاراستوون نەك تێكی دابن، جیا لەمە دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەندین جار یارمەتییشی گەیاندووەتە ئەم گوندانە".

حەكیم حكمەت-فایزە پاڵانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار