نێچیرڤان بارزانی: هەرێم پێویستی بە پشتگیریی وڵاتانی کەنداو هەیە

بەغدا-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ کۆنسسوڵی کوێت، (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت، بۆ ئەمەش پێویستی بە پشتگیریی تەواوی وڵاتانی ناوچەكە و بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی و كەنداوی عەرەبی هەیە. كۆنسووڵی گشتیی کوێتیش دەڵێ، پەرە بە كاری مرۆییان لە هەرێمی كوردستان دەدەن و، وەبەرهێنەرانی كوێتیش هان دەدەن بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن.
ئەم قسانەی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی پێشوازیدا بوو لە (دکتۆر عومەر ئەحمەد ئەلکەندەری) كۆنسووڵی گشتیی کوێت لە هەرێمی كوردستان.
لە دیدارێكدا سەرۆكوەزیران پیرۆزباییی ڕۆژی نیشتمانی و ڕۆژی ڕزگاری لە كۆنسووڵی كوێت و لە رێگای ئەویشەوە لە سەركردایەتی و گەلی كوێت كرد و، هیوای سەركەوتنی بۆ كارەكانی كۆنسووڵخانەی كوێت لە هەرێمی كوردستان خواست.
دواتر باس لە دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و شەڕی دژی تیرۆر و ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كرا، بە تایبەتیش قەیرانی دارایی و ئەو ڕێكارانەی كە بۆ دەربازكردنی ئەو قەیرانە جێبەجێ دەكرێن لەگەڵ جێبجێكردنی بەرنامەی چاكسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ ڕێكارەكان ڕووبەڕووی دۆخەكە ببێتەوە و ئەو قەیرانە تێپەڕێنێت.
هەروەها ڕەوشی عێراق بە گشتی و پرۆسە سیاسى له وڵات و گرینگیی بەشداریی هەموو لایەن و پێكهاتە نەتەوەیی و تاییفی و سیاسییەكان لەو پرۆسەیەدا دووپات كرایەوە و، باس لە بەرنامەی ڕزگاركردنی مووسڵ و هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوكاریی هاوپەیمان كرا.
هەروەها لە دیدارەکەدا پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق و، دواسەردانی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و دیداری جەنابی (سەرۆك بارزانی) و سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا تاوتوو كرا؛ لەمبارەیەوە (نێچیرڤان بارزانی) جەختی لەوە كردەوە، كە ئەولەویەتی كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەركردنی كێشەكانیەتی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتنەوە و، ئامادەییی هەرێمی كوردستانی بۆ هەر دەستپێشخەریەك لەمبارەیەوە پیشان دا.
(نێچیرڤان بارزانی)ئەوەشی بیر هێنایەوە، كە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت و بۆ ئەمەش پێویستی بە پشتگیریی تەواوی وڵاتانی ناوچەكە و بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی و كەنداوی عەرەبی هەیە.
لە بارەی دۆخی ناوخۆیشهوه، سەرۆکوەزیران جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاكسازییە گشتییەكان جیددییە و، تەواوی ئەو ڕێكارانە دەگرێتە بەر كە بۆ جێبەجێكردنی ستراتیژیەتی چاكسازی پێویستن و، بە هەموو شێوەیەكیش هەوڵ دەدات كە سەرچاوەی دیكەی داهات بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ببنە ئەلتەرناتیڤ بۆ نەوت و گاز.
لای خۆیەوە، كۆنسووڵی كوێت سوپاسی هاوكاری و هەماهەنگیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگاكانی لەگەڵ كۆنسووڵخانەی وڵاتەكەی لە هەولێر كرد و، دووپاتی كردەوە كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دامودەزگاكانی حكوومەت و تەواوی چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان باشە و، پەرە بە كاری مرۆییان لە هەرێمی كوردستان دەدەن و، وەبەرهێنەرانی كوێتیش هان دەدەن بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن. نیگەرانیی خۆیشی بەرانبەر بە كاریگەرییە نەرێنییەكانی قهیرانى دارایى لەسەر دۆخی ئەمڕۆی كوردستان دەربڕی.




