حكوومەت دەزانێ كێن پارەیان بردووە، بەڵام ئاشكرایان ناكات
بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، حكوومەتی عێراق دەزانێت كێ پارەی بردووە بۆ دەرەوە و بڕەكەیشی چەندە، بەڵام چونكە ترسیان لەوەیە خۆیشیان ئاشكرا بن، ناتوانن ناوەكانیان ئاشكرا بكەن.
(حاكم سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەوانەی باس لە بردنی پارەی عێراق بۆ دەرەوە دەكەن، هیچ زانیارییان نییە و، ئەو كۆبوونەوانەی كراویشن، هیچ ئەنجامێكیان نەبووە، لەبەر ئەوەی بۆ ئێمەی پەرلەمانتاران ڕوون نەبووەتەوە كە ئەو پارەیە لە كوێیە، كێ بردوویەتی و بڕەكەیشی چەندە، ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هیچ بڕیارێكی دادگا بۆ كەس دەرنەچووە كە باس لەوە بكات پارەی عێراقیان بۆ دەرەوە بردووە و، تەنیا دوو سێ حاڵەتێك نەبێت كە ئەوەیش ناگاتە ئەوەی باس لەوە بكرێت بە ملیاران دۆلاریان بردووە".
وەك ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ، هەڵبەتە دوو حاڵەت هەن كە باس دەكرێن، كەچی ئەوانیش حوكمی دادگایان نییە، كە یەكێكیان پێنج ملیۆن دۆلارە و ئەوەی دیكەش هەشت ملیۆن دۆلارە، بەڵام ئەمە پێویستی بە بڕیاری دادگا هەیە.
(سلێڤانەیی) گوتیشی، هێشتا حكوومەتی عێراق ناڵێت كێ پارەی بردووە و بڕەكەی چەندە و لە چ وڵاتێكە، بۆیە هیچ بەڵگەیەك لە بەردەستدا نییە كە كاری لەسەر بكەین، لە ڕاستییشدا حكوومەتی عێراق زانیاریی هەیە و نایەوێت باسی بكات و بەڵگەیشیان هەیە و دەزانن كێ پارەكەی بردووە، بەڵام چونكە كەسانی نزیك و هاوڕێی ئەوانن، كە ئەگەر باسیان بكەن، ئەوانیش ئاشكرا دەبن".
ڕوونیشی كردەوە كە، "بڕیارە بۆ ئەو پرسە لیژنەیەك دروست بكرێت، بەڵام بە رای من ئەو لیژنەیە هیچ ئەنجامێكی نابێت".
بڵند ئیبراهیم




