٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بێ بڕیاری دادگا هیچ كەسێك دەستگیر ناكرێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەبارەت بە راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)، لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند، لە كوردستان هیچ كەسێك دەستگیر ناكرێت تاكو دادگا بڕیاری لەسەر نەدات و دەستگیركردنی هەر كەسێك كە گومانی لێ بكرێت، بەپێی رێنمایی تایبەت دەبێت، پاش دەستگیركرانیشی وەك هەر بەندكراوێك مافی تایبەتی خۆی هەیە.

دەقی بەیاننامەی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان:

رۆژی 24/2/2016، رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)، راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان بڵاو كردەوە و چەند لاپەڕەیەكی ئەم راپۆرتە تەرخان كراوە بە رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان.

سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، راپۆرتەكە باس لەوە دەكات كە بە سەدان منداڵ و ئافرەتی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون و كوژراون، بۆیە داعش وەك یەكێك لە سەرەكیترین هۆكارەكانی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان باس كراوە. هەروەها راپۆرتەكە رەخنەی مانەوەی سزای لەسێدارەدان، چاوپۆشیكردن لە میلیشیا ئێزدییەكان بۆ ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر بە عەرەبەكانی ناوچە تازەئازادكراوەكان و زیندانیكردنی خەڵك بە بێ دادگاییكردن لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت و دەڵێت، ئەمانەی كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە ئەنجام دراوە جۆرێكە لە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ.

لە روانگەی بڕوابوونمان بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لەم كاتەدا كە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش دەبێتەوە و دوای خوێندنەوەی راپۆرتەكە رەخنە و سەرنجەكانی ئەم رێكخراوە بە هەند وەردەگرین بەتایبەتی ئەو راپۆرتانەی كە بابەتین و گشتگیر نین.

هەرچەندە عێراق لە رێكەوتننامەكانی تایبەت بە نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان ئەندام نییە، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش لە هەرێمی كوردستان جێبەجێكردنی ئەم سزایە زۆر بەرتەسك كراوەتەوە و رێژەی لەسێدارەدان بە رادەیەك كەم بووەتەوە كە دەتوانرێت كەیسەكان بژمێردرێت. لەلایەكی دیكەیشەوە، سەبارەت بە زیندانیكردنی خەڵك بە بێ دادگاییكردن وەك لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی پێ كراوە، دەبێت بگوترێت كە لە كوردستان هیچ كەسێك دەستگیر ناكرێت تاكو دادگا بڕیاری لەسەر نەدات و دەستگیركردنی هەر كەسێك كە گومانی لێ بكرێت بەپێی رێنمایی تایبەت دەبێت، پاش دەستگیركرانیشی وەك هەر بەندكراوێك مافی تایبەتی خۆی هەیە. حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێگا بە گشت رێكخراوەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی سەردانی بەندیخانەكان و بنكەكانی گرتن و گواستنەوە بكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشەكە بن لە هەموو روویەكەوە، بەتایبەتی لە رووی پاراستن و پابەندبوون بە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ.

سەبارەت بە چاوپۆشین لەو تاوانانەی كە میلیشیا ئێزدییەكان ئەنجامیان داوە دژی عەرەبە سوننەكان، وەك بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە ئێزدییەكان هیچ میلیشیایەكی چەكدارییان نییە و ئەو هێزە ئێزدییەی كە هەیە بەشێكە لە هێزەكانی پێشمەرگە كە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و فەرمان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرێت، ئەگەر تاوانێك بەرامبەر بە عەرەبەكانی ناوچە ئازاد كراوەكان ئەنجام درابێت، ئەوا كردەوەی تاكەكەسی بووە، نەك بە پلان و بەرنامە، هەر لەمبارەشەوە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیی راگەیاندووە هەر كەسێك بەڵگەی هەبێت سەبارەت بە ئەنجامدانی كاری توندوتیژی و كوشتنی هاووڵاتیانی عەرەب، ئەوا ئامادەیە لێكۆڵینەوەی تەواو بكات و سزای ئەنجامدەرانی ئەم كارە بدەن.

بەشێكی دیكە لە راپۆرتەكە باسكردنە لەسەر پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و ئەو رووداوانەی كە لە چەند مانگی رابردوودا روویان دا، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە ئێستا لایەنە سیاسییەكان لە گفتوگۆدان بۆ چارەكردنی ئەو ئاڵۆزیانەیە و چەندین كۆبوونەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان ئەنجام دراوە. دیارە قەیرانی ئابووری و بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێم لە لایەن حكوومەتی فیدراڵ و دابەزینی نرخی نەوت بووە هۆی ئەوەی حكوومەتی هەرێم نەتوانێت وەكو پێویست مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، ئەمەیش نارەزایی خەڵكی لێ كەوتەوە و لە ئەنجامدا توندوتیژی لە نێوان هاووڵاتیان و دەزگا ئەمنییەكان روویان دا كە بە داخەوە لە ئەنجامدا چەند هاووڵاتییەك بوونە قوربانی و چەند بارەگایەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوچەكانی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە سووتێنران.

بەپێی ئامارەكانی دەزگا ئەمنییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (2) كەس لە كەلار و (3) كەس لە قەڵادزێ لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكان شەهید بوون و (50) كەسی دیكەیش بریندار بوون، كە برینی زۆربەیان بەهۆی بەردەوە بووە. لەلایەكی دیكەوە دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە (183) كەسیش بە فەرمانی دادگا پەیوەندیدارەكان دەستگیر كراون، پاش دەستگیركردنیان دەركەوتووە خۆپیشاندەرەكان تەمەنیان لە خوارووی تەمەنی یاسایی بووە كە داوای مووچەیان كردووە. ئەمە لە كاتێكدایە بۆ بوون بە فەرمانبەر بەپێی یاساكانی هەرێم پێویستە تەمەنت لە سەرووی (18) ساڵییەوە بێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش هەموویان بە كەفالەت یان بەڵێننامە لە ئاساییشی سلێمانی ئازاد كراون.

دەبێت ئاماژە بەوەیش بكرێت كە (98) خۆپیشاندانی جۆراوجۆری ئاشتیانە لە هەولێر بە مۆڵەتی فەرمی و بێ مۆڵەت ئەنجام دراون و زۆر لە خۆپیشاندانەكانیش پەیوەندییان بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە نەبووە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان گیانی خۆپیشاندەرانی پاراستووە و زیانی بە هیچ كەسێك نەگەیاندووە.

لە كۆتاییدا وەك لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان رایدەگەیەنین كە ئەم راپۆرتە بە هەند وەردەگرین و دوای بەدواداچوون بۆ ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی هەرێم كراوە و بە هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان وەڵامی تێروتەسەلی راپۆرتەكە دەدەینەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار