قەڵادزهیی پەکەکە قازانج ناکات.. بێكهس قادر: ڕێگری له نهوت، زیانێکی گەورەیه بۆ خەڵکی کوردستان

ھەولێر-KDP.info- زەحمەتکێشانی کوردستان و، بزووتنەوەی ئیسلامی پێوهست بە تەقاندنەوەی لوولەنەوتەکەی کوردستان دەڵێن، پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکان گەورەترین پشتیوان بین بۆ یەکتر، چونکە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە کۆدەنگی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەیە.
(بێکەس قادر) ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی حزبی زەحمەتکێشان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان بە قۆناخێکی ناسک و دژواردا تێدەپەرێ سەرەڕای شەڕی داعش لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی ئابووری و سیاسیشى بەرەوڕوو بووتەوە؛ کێشەکانیشی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، كه ھەموو لایەک دەزانن لە ئێستا تاکە سەرچاوەی داھاتی ھەرێم بریتییە لە ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە؛ تەقاندنەوەشى زیانێکی گەورە لە خەڵکی کوردستان دەدات."
(قادر) گوتیشی: "وەک حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێمان وایە پرسی گەلەکەمان پێویستی بە کۆدەنگییەکی نەتەوەیی و ھەیە لە چوارچێوەی ستراتیژێکی ھاوبەشی نەتەوەیی کە دەستەبەری ھەماھەنگی و ھاوکاریی نەتەوەیی بکات، بە پێچەوانەوە نەبوونی ئەو ستراتیژە نەتەوەییە زەرەر لە بەرژەوەندی نەتەوەییمان دەدات."
ههر پێوهست بهو پرشه (شوان قەڵادزهیی) سهرۆكى فراكسیۆنى بزووتنەی ئیسلامیی له پهرلهمانى کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرکەسێک بە ڕاستەوخۆ و بە ناراستەوخۆ بیەوێ کۆسپ دروست بکات لە بەردەم ئەو کەرتەی مایەی بەھێزبونی ئابووریی ھەرێمی کوردستانە لە ئێستا و لە داھاتوویشدا کارێکی خراپە و باش نییە، کردەیەکە خزمەت بە قەزیەی کورد ناکات لە ھیچ پارچەیەکی تری کوردستاندا؛ پێویستە ئێمە ھەموو لایەنە سیاسییەکان گەورەترین پشتیوان بین بۆ یەکتر نەک تەنیا بۆ ئابووریی ھەرێمی کوردستان بگرە لە ھەموو بوارێکدا."
(قەڵادزهیی) گوتیشی: "دەبێت سیاسەتی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ھێور بکرێتەوە یان کۆنگرەیەکی نیشتمانی ببەسترێت لە ھەرچوار پارچەی کوردستان ئەم ئاستەنگ و ئەم تیروانینە ڕەشبینیانەی سەیرکردنی یەکتر دەبێت بڕەوێنینەوە؛ کاتی ئەوە ھاتووە ھەر تێبینییەکمان لەسەر یەکتر ھەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکەین و کێشەکانی ناوخۆمان کۆتایی پێ بێنین، نەوەک ببین بە ھەڕەشە لەسەر یەکتر، لێرەدا پەکەکە قازانج ناکات و، ئەم کارەی کردوویەتی بۆ مێژووی باش نییە، بیەوێ زەرەر لە ھەرێمی کوردستان بدات، پێویستە ھەماھەنگی یەکتر بین لە باشوری کوردستان بە شیکارکردنی کێشە ناوخۆییەکانمان دەبین بە پێشەوای ھەرچوار پارچەی کوردستان؛ لەبەر ئەوەی ئێمە دۆخێکی تایبەتمان ھەیە؛ ئێمە ھەرێمیکی فیدراڵین (٢٥) ساڵە کورد حوکمڕانی دەکات؛ ھیوادارین دژایەتی ڕاگەیاندنەکان ڕابگرین و پشت بە یەکتر ببەستین."
فایزە پاڵانی




