زانایانی ئایینی، پشتگیریكردن لە ریفراندۆمیان بە ئەركێكی ئایینی و نەتەوەیی دانا

(وەیسی سەعید وەیسی)، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شاندێكی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سۆران و لقی سۆرانی یەكێتیی زانایانی ئایینیی كوردستان، سەردانی پەرلەمانی كوردستانمان كرد و، لە دانیشتنێكدا لەگەڵ (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، باسمان لە رەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان بە گشتی و رەوشی كۆمەڵایەتیی دەڤەری سۆران بە تایبەتی و رۆڵی مامۆستا و زانایانی ئایینی ئیسلام لە گەیاندنی پەیامی پیرۆزی ئیسلام و بەرقەراركردنی ئاشتی و ئارامی كرد و، جەختیش لە پێویستیی پاراستنی پیرۆزیی مینبەری مزگەوتەكان كرا و، داوایش كرا كە رێز و شكۆی مامۆستایانی ئایینی بپارێزرێت" .
بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران گوتیشی: "لە تەوەرێكی تری دانیشتنەكەدا باس لە رەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستان و قەیرانی دارایی و تێبینییەكان لەسەر سیستەمی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بە گشتی و مامۆستایانی ئایینی بە تایبەت كرا، هەر لە دیدارەكەدا بابەتی ریفراندۆم باس كرا و، زانایانی ئایینی پشتگیریی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە نیشان دا و، پشتگیریكردنیشیان لە پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، بە ئەركێكی ئایینی و نەتەوەیی دانا".
نەشوان بەرزنجی




