سۆزان شەهاب: عەبادی و مالیكی دەستیان بۆ دەخیلەكە بردووە.. ناتوانن مووچەی هەرێم بدەن

هەولێر-KDP.info- ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان (سۆزان شەهاب) دەڵێ، ئەو لێدوانەی (عەبادی) كە لەبارەی پێدانی مووچەوە داویەتی، بۆ ورووژاندنی شەقامی كوردییە و ئامانجێكی ساسیی لە پشتەوەیە، ئەمە راستییەكی تاڵ و حاشاهەڵنەگرە.
(سۆزان خاڵە شەهاب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو لێدوانەی (عەبادی) كە لەبارەی پێدانی مووچەوە داویەتی، بۆ ورووژاندنی شەقامی كوردییە، بێگومان ئەمە ڕاستییەكی تاڵ و حاشاهەڵنەگرە، لەبەر ئەوەی ئەمە جۆرێكە لە سیاسەت، چونكە دەزانن خەڵكی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2014ـوە بە هۆی بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستانەوە كەوتوونەتە قەیرانێكی داراییەوە بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، بە هۆی ئەم قەیرانەی ئێستایشەوە، بەغدا دەیەوێت كار بكات بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بڵێت كە ئەمە حكوومەتەكەتانە و تووشی شكست بووە، ئەگەر وا نەبێت من دەتوانم بوودجەی هەرێمی كوردستان بدەم. ئەوەیش كە (عەبادی) لە چاوپێكەوتنەكەدا گوتوویەتی، دواتر گوتەبێژەكەی ڕوونكردنەوەی سیاسی داوە كە دەڵێ لە بەرامبەر پێداچوونەوەیە بە ئاماری مووچەخۆرانی كوردستاندا، یانی ئەمە بێمەرج نییە و ناڕاستەوخۆ و پێمان دەڵێ، ئاوا بوودجەتان نادەمێ بە بێ رادەستكردنی نەوتەكە".
(سۆزان شەهاب) گوتیشی: "جاران كە بەرمیلی نەوت بە 120 یان 130دۆلار بوو، هەتا ماوەیەكیش ببوو بە 180 دۆلار، بەم شێوەیە دەفرۆشرا و 17%ـی بوودجەی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام ئەو بوودجەیەی ئێمە وەرمان دەگرت، هەرگیز لە هەرێمی كوردستاندا 17% وەرنەگیراوە، بەڵكو 10% وەرگیراوە و ئەوپەڕییەكەی 11% بووە، هەموو ساڵێك بە بیانووی جۆراو جۆر و بە بەرزكردندنەوەی نەفەقاتی سیادی، بەشەبوودجەی ئێمە بەو جۆرە بووە كە باسمان كرد".
دەشڵێت: "(عەبادی) و پێش (عەبادی)ـیش كە (نووری مالیكی) لە شوێنی بوو، دەستكاریی پارەی بانكی ناوەندیی عێراقیان كردووە، بۆیە ئێستایش دەتوانێ بەو شێوەیە مووچە بدات و بانكی مەركەزیی عێراقی ئەو شوێنەیە كە پارەی هەموو هاوڵاتیانی عێراقی تێدا دەپارێزرێت و، ئەو پارە یەدەگەی كە هەیە، ئەو پاشەكەوتەی كە هەیە، ئەوان دەستیان بردووە بۆ پاشەكەوتەكە بۆ دەخیلەكە، بۆیە توانیویانە مووچە بدەن، ئەوان رێژەی مووچەخۆرەكانیان 7 ملیۆن كەسە، بۆیە مووچەی ئەو حەوت ملیۆن كەسە بەم داهاتی رێژەی هەناردەكردنی نەوتە، بێگومان ناتوانن بیدەن".
(شەهاب) ئاماژەیشی دا: "(عەبادی) دەیەوێت ئێستا بەم شێوەیە پیشانی شەقامی كوردی بدات كە ئەوان دەتوانن بوودجە بدەن بە مەرجێك نەوتەكە رادەست بكرێت، ئەمە جۆرێكە لە سیاسەت بۆ ئەوەی بە هەموو دنیا بڵێت كە هەرێمی كوردستان شكستی هێناوە لە سیاسەتە ئابوورییەكەدا، ئەوەیە كێشەكە، بەداخەوە دەتوانم بڵێم كێشە ناوخۆییەكانی ناوخۆمان كارێكی وای كردووە كە ئێمە وامان لێ بێت رێگە بدەین كەسانێكی وەك (عەبادی) بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا بكەن".
فایزە پاڵانی




