سیاسەتوانان: نابێ چاوەڕێی بەغدا بین.. دەمێكە بەرنامەی دژایەتیی هەرێمیان داڕشتووە

هەولێر-KDP.info- سیاسەتوانان دەڵێن، نابێ كورد چاوەڕێی بەغدا بێ، چونكە دەمێكە ئەوان بە سەركردە شیعییەكانیان گوتووە كە هەر كەسێ لە حوكمدا بێ، دەبێ دژایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە بكات.
(موئەیەد تەییب) سیاسەتوان و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەموو كوردێك دەبێ باش بزانێت كە بەغدا دوای ئەوەی (مالیكی) بوودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، جارێكی تر بوودجە یاخود یارمەتی لە بەغداوە بۆ هەرێم ڕەوانە ناكرێت، ئەگەر هەموو نەوتەكەیش ڕادەستیان بكەین، تەنیا بەغدا ئەو كاتە ئامادەیە 17%ـی بوودجەی كوردستان بدات، كە بزانێت نەوتی ئێمە داهاتەكەی زیاترە لە 17 لە سەد، چونكە ئامادە نییە دینارێكیش زیادەی خۆی بە ئێمە بدات، بەڵكو كەمتر لە داهاتی ئەو نەوتەی ڕادەستی دەكرێت پێمان دەدات و، نەفەقاتی سیادی و حاكیمەی لێ دەردەهێنن، هەروەها هەموو ئەو كوردانەی كە پێیان وایە بەغدا نیەتی پاكە لە یارمەتیدانی حكوومەتی هەرێم بۆ باشكردنی ئابووری هەرێم یان چارەكردنی كێشە سیاسییەكان، تووشی هەڵەیەكی گەورە دەبن ."
(تەییب) ڕاشیگەیاند: "(عەبادی) بەم لێدوانانەی دەیدات، خۆی كردووە بە بەشێك لە كێشە سیاسی و ئەو ململانێیەی لە نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا هەیە و، هەر شتێك لە دەستیان بێت بۆ خراپكردنی ڕەوشی كوردستان لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە دەیكەن، بۆیە دەبێت لەمە زیاتر چاوەڕێی بەغدا نەكەین و ئەو هەنگاوانەی حكوومەتی هەرێم گرتوویەتییە بەر بۆ ئابووریی سەربەخۆ، سەركەوتووانە بووە و دەبێت هەموومان پشتگیریی حكوومەتی هەرێم بكەین تا ئەم پلانە سەر بكەوێت. هەمووشمان دەزانین ئەو كێشانەی بۆ حكوومەت دروست بوون، هی ئەوە نییە كە كێشەمان لەگەڵ بەغدا بووە، بەڵكو بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بوو لە بازاڕەكانی جیهان و قەیرانێكی زۆریشی دروست كردووە لە سەرتانسەری جیهاندا، لەوانەیش سعوودیا و كوەیت".
(د. ڕەوەز مەهدی خۆشناو)ـی سیاسەتوانیش، لەبارەی ئەم پرسەوە بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لێدوانەكانی (عەبادی)، هەوڵێكن بۆ شڵەژاندنی دۆخی ناوخۆیی كوردستان و زەقكردنەوەی كێشەكانە و بۆ دەرخستنی ئەوەیە كە هەرێم هەڵە بووە لەسیاسەتی نەوت و ئابووریدا، كە ئەمەیش دروست نییە و عێراق خۆی كۆمەڵێك كێشەی ئابووری هەن و جارێ با چارەی كێشەكانی خۆیان بكەن. ڕاستە تا ڕادەیەك مووچەی خۆیان داوە، بەڵام هیی ئەوانیش بەردەوام نابێت لە چەند مانگی داهاتوودا ئەگەر نرخی فرۆشتنی نەوت وا بمێنێتەوە، خۆی بەغدا بڕیاری داوە بە هەموو شێوەیەك لە دوای 2012ـوە هەر كەسێك لە شیعە لە سەرۆكایەتیی ئەم حكوومەتە بێت، دژایەتیی ئابووری و سیاسیی هەرێمی كوردستان بكەن ".
(خۆشناو) گوتیشی: "كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا، كێشەی قووڵ و مەبدەئین و تەكنیكی نین تا بە بڕیارێكی میزاجی كەسێك گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، هزرێكیش هەیە لە بەغدا و گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە و پێم وا نییە گۆڕانیشی بەسەر بێت، چونكە خەڵكی عێراقیان فێر كردووە دژی هەرێم و دەستكەوتەكانی بن."
نەشوان بەرزنجی




