چاودێرێكی سیاسی: ساڵح موسلیم قسەی رژێمی سووریا دەكات بۆ دژایەتیی دەوڵەتی كوردی

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی كاروباری رۆژئاوای كوردستان دەڵێ، پەكەكە و دارودەستەكەی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە دژی دەوڵەتی كوردی بوونە و، بگرە بە ئاشكرایش دژایەتییان كردووە، بۆیە پێویستە لە ئێستادا هەموو پارچەكانی كوردستان لە ئاستی ئەو دژایەتییە بێدەنگ نەبن، بە تایبەت لە باشووری كوردستان ئیدانەی لێدوانەكانی (ساڵح موسلیم) بكەن لەبارەی دژایەتیكردنی بۆ دەوڵەتی كوردی.
شارەزای كاروباری رۆژئاوای كوردستان (خەلیل ئەحمەد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لێدوانەكەی هاوسەرۆكی پەیەدە لەبارەی دەوڵەتی كوردییەوە، جێی سەرسووڕمان نییە، لەبەر ئەوەی پەیەدە و پەكەكە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە پڕۆژەیان بۆ دەوڵەتی كوردی نەبووە و دژی بوونە، وەك بیر هێنانەوە لە ساڵی 1992كاتێك باشووری كوردستان فیدراڵیی راگەیاند، پەكەكە دژی كورد دەستی بە شەڕ كرد، بۆیە ئەو قسەیەی هاوسەرۆكی پەیەدە، قسەی رژێمی سووریایە، لەبەر ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ رژێم هەیە، ئەگەر نا ئەنجوومەنی نیشتیمانی و كوردانی سووریا هەر لە دەستپێكی شۆڕشەوە داوای فیدراڵی دەكەن" .
(ئەحمەد) گوتیشی، پێویستە كورد لە هەر پارچەی كوردستان یەكهەڵوێست بن و دژی لێدوانەكانی (ساڵح موسلم) و تەقاندنەوەی بۆری نەوتی كوردستان بوەستنەوە، چونكە بە راستی بەو شێوەیە بزاڤی كوردی شپرزەیە، بۆیە پێویستە هەموو دامودەزگا حكوومی و لایەنەكان لە باشووری كوردستان ئەو لێدوانە ئیدانە بكەن.
دەشڵێت، پێویستە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی لە سووریا زیاتر بێدەنگ نەبن و دەست بە چالاكیی مەدەنی بكات و شەقام بجوڵێنێت و گەنجەكان دەنگ هەڵبڕن، بەڵام بەداخەوە پەیەدە بە بیانووی جۆراوجۆرەوە دەستگیریان دەكەن و رێگە نادەن چالاكی ئەنجام بدەن، كە بێگومان بە بڕیاری رژێم ئەو كارە دەكەن .
بڵند ئیبراهیم




