٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئاستی هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی هەرێم و ڕێكخراوی (OCHA) لە گەشەسەندندایە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی هەماهەنگیی كاروباری مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان (OCHA) لە هەولێر، لە چاوپێكەوتنێكدا باس لە هاوكاریی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و OCHA دەكات و، هەروەها تیشك دەخاتە سەر ئەو هەوڵانەی كە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم چڕیان كردووەتەوە بۆ بەهێزكردنی هەماهەنگیی نێوانیان و پێدانی ئەولەوییەت لە ساڵی 2016ـدا بەو ئاوارە و پەناهەندانەی كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن.


رۆژی (5/6/2015)، (جیۆڤانی بۆسكۆ) وەك بەرپرسی نووسینگەی هەماهەنگیی كاروباری مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان (OCHA) لە هەولێر دەستبەكار بوو. لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو (بۆسكۆ) ئەركی بەرپرسیارەتیی تیمێكی بۆ بەغدا پێ دەسپێردرێت بۆ ڕێكخستنەوەی كاری مرۆیی لە عیراق. پێشتریش لە دارفۆر وەك بەرپرسی بەشی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە نێردەی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان كاری كردووە. دوای ئەوەی لە ساڵی (1995) پەیوەندی بە ڕێكخراوی (OCHA) دەكات، بەرپرسیارەتیی گەورەی لە بواری یارمەتیی مرۆیی لە شاری ئەبێی باشووری سودان و زیمبابۆی و ئۆگەندا و ئەنگۆلا و جونیە بیسۆ پێ دەسپێردرێت.

• چۆن هەڵسەنگاندن بۆ هەماهەنگیی نێوان ڕێكخراوی (OCHA) و دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەیت؟
- هەر لە دوای دەستبەكاربوونی ڕێكخراوی (OCHA) لە مانگی 6ـی 2014 ئاستی هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوی (OCHA) لە گەشەسەندندایە. لەم چوارچێوەیەیشدا ڕێكخراوی ناوبراو بە شێوەیەكی بەردەوام كاری لەگەڵ حكوومەتی هەرێم لەسەر ئاستی وەزاری و تەكنیكی كردووە لە پێناو دەستەبەركردنی یارمەتیەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەتی عیراق بۆ دەسكەوتنی هاوكارییەكان.


ئەو لایەنە سەرەكیانەی كە ڕێكخراوی ناوبراو كاری ڕاستەوخۆیان لەگەڵ دەكات لەسەر ئاستی وەزاری و تەكنیكی بریتین لە وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. لەسەر ئاستی پارێزگاكان، ڕێكخراوی (OCHA) كار و هەماهەنگیی بەردەوامیان هەیە لەگەڵ هەریەك لە دەستەی كاروباری مرۆیی و فریاگوزاریی پارێزگای دهۆك و ئەنجوومەنی پەنابەران لە پارێزگای هەولێر و خانەی هەماهەنگی هاوبەش لە پارێزگای سلێمانی. هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەنتەر هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان لەلایەن حكوومەتی هەرێم لە ناوەڕاستی (2015)، ڕۆژانە هەماهەنگییان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم هەیە. ئەم پەیوەندیانەش خۆیان لە چەند ئاست دەبینەوە: لەسەر ئاستی دامەزراوەیی ڕێكخراوی (OCHA) هاوكات لەگەڵ كارمەندانی دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێم بەشداری لە كۆبوونەوەی مانگانەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی (JCC) دەكات بۆ زیاتر هاوكاریكردنی. سەرەڕای ئەوەش و لەپێناو بنیاتنانی پەیوەندییەكی بەهێزتر لە نێوان ڕێكخراوی (OCHA) و (JCC)، لە مانگی ئۆكتۆبەری 2015 هەڵساین بە دانانی یەكێك لە بەڕێوەبەرە پێشكەوتووەكانی ڕێكخراوی ناوبراو بە شێوەی پارت تایم لە JCC بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی چاڵاك هاوكاری بەڕێوەبەرە گشتی و گشت بەشە تەكنیكیەكانی ئەم سەنتەرە بكات.


• چی پێویستە بكرێت بۆ زیاتر بەهێزكردنی ئەم هەماهەنگییە؟
-  پەیوەندییەكانمان بەرەوپێش دەچن، بە تایبەتیش لەگەڵ سەنتەری هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی قەیرانەكان. كاركردنمان بە تایبەتی لەسەر ئاستی هەماهەنگی سەربازی مەدەنی و بەرزكردنەوەی توانا و ڕێكخستنی زانیاری و هەروەها هەماهەنگیی زیاتری تەكنیكی، وەك ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆلێرا و ئامادەكارییەكان بۆ وەرزی زستان گشتیان نموونەی زیندوون لە سەر كاركردنی نێوانمان. ڕێكخراوی (OCHA) بەردەوام دەبێت لەنزیكەوە كار لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات لە گشت ئاستەكان و لەكاتی پێویستدا و بۆ ئەم مەبەستەیش بەردەوام دەبێت لەسەر دابینكردنی سەرچاوەی زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە هەنووكەییانەی كە ڕووبەڕووی حكوومەتی هەرێم بوونەتەوە.

•  ئەو تەحەدیاتانە چێن كە ڕووبەڕووی ڕِێكخراوی (OCHA) دەبنەوە لە هەرێمی كوردستان؟
- ئەزموونی كاركردنی من لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆی لە خۆیدا یەكێكە لە پارتنەرە بەهێزەكانی پێشكەشكردنی ئاسانكاری. لە ڕاستیدا هیچ تەحەدیاتێك نییە لە بەردەم كارەكانمان لە هەرێمی كوردستان كە شایەنی ئاماژەپێكردن بێت و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارێكی باشی (OCHA) بووە بە هەمان شێوەی ئاژانسەكانی تری نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوە مرۆییەكان كە ڕێكخراوە ناحكوومییەكان و نێودەوڵەتییەكانیش دەگرێتەوە. ئەمەیش لە پێناو ڕەخساندنی ژینگەیەكی كاركردنی گونجاو. لەگەڵ ئەوەیشدا نیگەرانین لە هەڵسوكەوتی هەندێ‌ ناوەندی ئیداری ناوخۆ كاتێك ئاوارەكان هان دەدەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ ئەو شوێنانەی لێی هاتوون هەرچەندە تاوەكو ئێستاكە مەرجەكانی ژێرخانی خزمەتگوزاری گشتی و ئاساییش بۆ ئەو ناوچانە نەگەڕاونەتەوە.

• دەتوانیت كورتە باسێكمان پێشكەش بكەیت لەسەر كار و چالاكییەكانی ئەمڕۆ و ڕابردووتان لە هەرێمی كوردستان؟
-  ڕێكخراوی (OCHA) ڕێكخراوێكی كرداری نییە و ئەركی سەرەكی كۆكردنەوەی كاراكتەرە سەرەكییەكانی بواری مرۆییە تا وەڵامدانەوەیەكی یەكگرتوو بەدەست بهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كارەسات و كارە فریاگوزارییەكان. بۆ ئەمەیش پشت بە پێنج كۆڵەگەی سەرەكی دەبەستێت كە ئەمانەن: هەماهەنگی، داڕشتنی سیاسەت و پشتیوانی و دارایی مرۆیی و ڕێكخستنی زانیاری.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2014ـوە (OCHA) دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی بەرنامەكەی، بۆ نموونە خۆی لە یارمەتیدانی NGOs ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا دەبینێتەوە وەك وەڵامدانەوەی پلانی مرۆیی و بنیاتنانی هۆشیاری لەنێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر بارودۆخی نێوخۆی عیراق و زیادكردنی ئەو یارمەتییە داراییانەی كە پێویستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان. بۆ كاراكردنی ئەمانەیش، (OCHA) ئامادەكاری دەكات بۆ سەرنجڕاكێشانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە بە پلانی وەڵامدانەوەی مرۆیی ناسراوە. ئەم پلانە بۆ ساڵی 2016 دانراوە و بەم دواییە ڕاگەیەنرا. ئەوەی پەیوەندی بە پلانی وەڵامدانەوەی مرۆیی بۆ ساڵی 2015وە هەبوو، توانیمان زیاتر لە (530) ملیۆن دۆلار كۆ بكەینەوە. جگە لەوەیش (OCHA) بە هەماهەنگی لەگەڵ JCC كاردەكات لەسەر ئامادەكردنی پلانێكی خێرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی كارەساتی سرووشتی یان تێكچوونی بارودۆخی ناوچەكە بە شێوەیەكی لەناكاو.

سەرەڕای ئەمانەیش، (OCHA) یارمەتیی جێبەجێكردنی بڕیاری سیاسی دەدات كە لەلایەن HCTوە ئامادە كراوە لە ڕێگەی گروپی هەماهەنگیی هەمەلایەنەی نێوان كۆمەڵەكان (كە سەركردایەتی دەكات) لەگەڵ كۆمەڵە تایبەتەكان (گرووپی كرداری سێكتەرەكان) كە لەلایەن كۆمەڵێكی هەماهەنگیكار ئیدارە دەكرێن. ئەم كۆمەڵانە هاوبەشەكانی بواری مرۆییەكان كۆ دەكەنەوە كە پەیوەندیدارن بە وەڵامدانەوەی بەردەوام كە ئەمانەیش ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و حكوومەت و ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەڵەتییە ناحكوومییەكان لەخۆ دەگرێت. ئەم لایەنانە لەسەر ئاستی جیاواز بەردەوام كۆدەبنەوە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری و هەماهەنگیكردن لە ئەنجامدانی چالاكییەكان بۆ بەدەستهێنانی ستاندەرە تەكنیكیەكان لە كاتی پێشكەشكردنی یارمەتییە مرۆییەكان.

ژمارەیەك كۆمەڵە هەن لە بوارەكانی ئاساییشی خۆراك و تەندروستی و خۆپاراستن و ئاو ئاوەڕۆكان كار دەكەن. ئەوەی ئێمە لە چەند مانگی ڕابردوودا توانیومانە بەدەستی بهێنین بریتییە لە دەرخستنی ئەو پەیوەندی و هەماهەنگییە بەهێزەی كە لە نێوان گرووپە تەكنیكارەكان و وەڵامدانەوەی لایەنەكانی سەر بە وەزارەتەكانە. بۆ نموونە، ئێمە كار دەكەین تا زامنی ئەوە بكەین كە گرووپەكانی بواری پەروەردە دەگەنە چ ئاستێك لە بواری پلاندانان و هەماهەنگی و ئامادەكردنی راپۆرتەكان لەسەر ئاستی هەرێمی و نەتەوەیی و هەروەها لەسەر ئاستی حكومی.
(OCHA) نووسینگەی لە هەریەك لە پارێزگاكانی بەغدا و هەولێر و كەركووك و دهۆك هەیە بۆ ئەوەی دڵنیا بین كە چالاكییەكان بە باشی جێبەجێ دەكرێن و هاوكاری باشیان لەسەر ئاستی مەیدانی پێشكەش دەكرێن.

• ئایا ئەولەوییەتی كارەكانی (OCHA) بۆ ئاوارە و پەناهەندەكان بۆ ساڵی 2016 لە هەرێمی كوردستان چی دەبێت؟

- ڕێكخراوی (OCHA) بەردەوام دەبێت لە جەختكردنەوە لەسەر هەوڵەكانی بۆ دابینكردنی یارمەتییە مرۆییەكان بە شێوەیەكی سەركەوتوو و هەروەها پێكاندنی ئامانجەكان. بۆ ئەم مەبەستەیش سەركەوتوو بووە لە دەستەبەركردنی ئاسانكاری بۆ پارتنەرەكانی بواری یارمەتییە مرۆییەكان و هەروەها پێشكەشكردنی ئەولەوییەتی پێداویستییەكان. ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان داوای (861) ملیۆن دۆلار دەكەن بۆ درێژەدان بە كارەكانیان لە دوانزە مانگی داهاتوودا. پلانی وەڵامدانەوەی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ 2016  پێداویستییە هەنووكەییەكان لە خۆ دەگرێت و بە درێژایی ئەم ساڵەیش دەمانەوێت زۆرترین ژمارەی هاوبەش لەخۆ بگرێن لە پێناو دابینكردنی زۆرترین هاوكاری بۆ ئەو كەسانەی كە لە ناوچە دوورەدەستەكان دەژین. مەبەست لەم هەنگاوەیش ئەوەیە هانیان بدەین تاوەكو لە عێراق بمێننەوە لە رێگەی دبینكردنی شوێنی حەوانەوە و پێداویستیی پەروەردەیی بۆیان. تیمەكان كار لەسەر پێشكەشكردنی هاوكارییە هەنووكەییەكان دەكەنەوە بۆ پڕكردنەوەی كەموكورتییە سەرەكییەكان لە بوارەكانی چاودێریی تەندروستی و دابینكردنی قوتابخانە و ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنی حەوانەوە و خواردن. ئەمانەیش دەبنە یارمەتیدەری گەڕانەوەی خۆویستانە و ئاشتیانە و مسۆگەركردنی پاراستنی ئەو كەسانەی دووچاری توندوتیژی بوونەتەوە.
• چۆن هەڵسەنگاندن بۆ وەڵامدانەوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەیت بەرامبەر بە هاتنی بەلێشاوی ئاوارە و پەناهەندەكان بۆ هەرێم؟
- ژمارەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان لە سەرووی ملێونێك كەسدایە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش باشترین وەڵامدانەوەی هەبووە بۆ پێشوازیكردن و پێشكەشكردنی هاوكاری بۆیان، سەرەڕای ئەوەیش كە خەڵكی كوردستان گەورەترین دڵفراوانییان نیشان داوە بە درێژایی ئەم ماوەیە بەرامبەر ئەو كەسانەی كە زەرەرمەندی ئەم ناكۆكیانە بوون، هەزاران خێزانی كوردی ئەم هەرێمە دەرگای ماڵەكانیان بە ڕووی ئەو كەسانە واڵا كردووە كە پێویستیان بە شوێنی حەوانەوە و پاراستن هەیە.
لە چەند مانگی داهاتوودا پێویستیمان بەوەیە كە پڕۆژەی وەڵامدانەوە خێرا بگۆڕین بۆ پڕۆژەیەكی زیاتر ستراتیژی كە بتوانێت نەرمیی زیاتر بنوێنێت لە نێوان خودی ئاوارەكان لەم كۆمەڵگایەی كە پێشوازییان لێ دەكرێت.

(OCHA)  و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن لە كاری هاوبەش لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی میكانیزمێكی هەماهەنگی ناوخۆیی بە مەبەستی پێشكەشكردنی هاوكاری بەو كەسانەی كە زیاتر دەكرێنە ئامانج. ئەركی ئێمە هاوبەشە لە پێشكەشكردنی ئەمەی سەرەوە و هەروەها(OCHA) بە ئومێدی ئەوەیە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیا بێت لەوەی هەموو ئەو كەسانەی پێویستیان بە هاوكارییە، یارمەتی دەدرێن، دوور لە بیروڕای ئایینی یا لایەنگیریی تایەفەگەری.
• چ جیاوازییەك لەنێوان هەرێمی كوردستان و هەرێمەكانی تر دەبینیت لە مامەڵەكردن لەگەڵ كریزە مرۆییەكان دوای كۆتایهاتنی ئاڵۆزییەكان؟
-  حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سنگێكی فراوانەوە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانەكان یارمەتیی هەزاران ئاوارەی داوە و ئاشتی بۆ مسۆگەر كردوون و بە هەستێكی بەرزەوە پشتیوانی لێ كردوون، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ دووچاری شەڕێكی نەگریس بووەتەوە، بەڵام تەنیا چەندین ناوچەی دیاریكراو لە هەرێمی كوردستان دووچاری داڕمانی ژێرخانی بوون.

كاتێكیش كە شەڕ كۆتایی دێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووچاری تەحەدیاتی ئاوەدانكردنەوەی كەمتر دەبێت بە بەراورد بە بەشەكانی تری عێراق، بەڵام پێویستە پشوودرێژ بێت لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ئەو شوێنانەی كە بەتەواوی خاپوور كراون لە دەرەنجامی ناكۆكییەكان بە شێوەیەك كە خێزان هەیە نە خانووی ماوە و نە خزمەتگوزارییە گشتییەكانیش لەم ناوچانە بوونیان هەیە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار