"دەستبردن بۆ قووتی هاووڵاتیان، ڕاستەوخۆ دژایەتیی خەڵكی هەرێمی كوردستانە"

هەولێر-KDP.info- سكرتێری گشتیی پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان، دەڵێ، هەر كەس و لایەنێك دەست بۆ تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی هەرێم ببات و ببێتە هۆكاری بڕینی قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی ئێستا كە هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێ، ئەوە نەك خزمەتی هیچ لایەنێك ناكات، بەڵكو ڕاستەوخۆ دژایەتیكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستانە.
(باپیر كامەلا)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەر كەس و لایەنێك دەست بۆ تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی هەرێم ببات و ببێتە هۆكاری بڕینی قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی ئێستا كە هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، ئەوە نەك خزمەتی هیچ لایەنێك ناكات، بەڵكو ڕاستەوخۆ دژایەتیكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، چونكە مەسەلەی نەوت و غاز نە هیی كەسێكە، نە بە تەنیایش هیی لایەنێكی سیاسییە، بەڵكو هیی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانە، بۆیە هەر كێشەیەكی بۆ دروست بكرێت، كێشەكە بۆ خەڵكی هەرێمە، دەبێت ئێمە ڕەچاوی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەتا پارچەكانی دیكەیش بكەین، ئەوانیش بە هەمان شێوە، چونكە ئەمڕۆ لەو قۆناغەدا هەموو لایەنەكان پێویستمان بە یەكدی هەیە، نەك پێویستمان بە ئەوە هەبێت گرفت و تەگەرە بۆ یەكدی دروست بكەین".
(كامەلا) گوتیشی: "بێگومان مێژوویەكی دوور و درێژە كوردستان دابەش بووە بەسەر چوار وڵاتدا، كە هیچیان بە ویستی گەلی كورد نەبووە، بەڵام ئەو مێژووە دوور و درێژە، وای كردووە كە هەر پارچەیەكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەبێت، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو لایەنەكان ڕەچاوی تایبەتمەندیی یەكدی بكەن و دەست لە كاروباری یەكدی وەر نەدەن".
رابین شێروانی




