کونسووڵی عەرەبستان متمانەنامەکەی لە هەولێر پێشکەش کرد

هەولێر-KDP.info- کونسووڵی گشتیی عەرەبستان لە هەولێر متمانەنامەکەی پێشکەش کرد و، دەیشڵێ کار دەکات بۆ فراوانکردنی پێوەندیی نێوان عەرەبستان و هەرێم.
بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرکونسووڵی شانشینی عەرەبستانی سعوودیە و دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندیی هەردوو لا ئەمڕۆ سێشەممە (د. عەبدولمنعیم ئەوڕەحمان مەحموود) سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی کرد و، فەلاح مستەفا بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت چووە پێشوازیەوە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە پیرۆزبایی لە (د. عەبدولمنعیم ئەوڕەحمان مەحموود) کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست. هاوکات ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی نیشان دا بۆ سەرخستنی کارەکەیان لە هەرێمی کوردستاندا.
فەلاح مستەفا پوختەیەکی دەربارەی سیاسەتی حکوومەتی هەرێم لە پەیوەندیی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا پیشکەش کرد و گوتی دەخوازین پەیوەندیەکانمان لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش پەرە پێ بدەین. لەم ڕووەوە سوپاسی شانشینی عەرەبستانی سعوودیەی کرد بۆ ئەم هەنگاوەیان لە پێناو بەرەپێشبردنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.
دەربارەی بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە گووتی هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی دژواردا تێدەپەڕێت، ماوەی دوو ساڵە هێزی پێشمەرگە لە شەرێکی سەختدایە دژی تیرۆرستانی داعش کە سنوڕێک دەپارێزێت زیاتر لە هەزار کیلۆمەترە و هاوکات بە هۆی ئاڵۆزییەکانی سووریا و چەند ناوچەیەکی عێراق نزیکەی ملوێنێک٨٠٠هەزار هاوڵاتی ئاوارەی هەرێم بوونە و، ئەمەش ئەرکی حکوومەتی هەرێمی قورستر کرد؛ ئا لەبەر ئەوە و دابەزینی نرخی نەوت، هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی ئابووری بووە. هیوادارین کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان زیاتر پشتی حکوومەتی هەرێم بگرن تا ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنێ.
د. عەبدولمنعیم وێنەیەک لە متمانەنامەکەی خۆی پێشکەش بە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت کرد و خۆشحاڵی خۆی نیشان دا کە لە هەرێمی کوردستاندا دەستبەکار بووە و، هیوای خواست بتوانن ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لە بوارە جیاجیاکان بەرەوپێشتر ببەن.
لەم بارەوە گوتی هەرێمی کوردستان جێگەی بایەخی ئیمەیە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش توانیویەتی لەو چەند ساڵەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت لە گەشەپێدان و بووژانەوە و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری. هەروا بێتەوە گوتیشی ئێمە بایەخ بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دەدەین. جەختیشی لەسەر فراوانکردنی پەیوەندییەکانی عەرەبستان و کوردستان کردەوە.
جێگەی باسە دوێنێ د. عەبدولمنعیم ئەوڕەحمان مەحموود وەک یەکەم سەرکونسووڵی شانشینی عەرەبستان گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.




