"لە ترسی مینی چێندراودا، ئاوارە ناوێرن بگەڕێنەوە"
__2016_02_23_h16m40s10__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئاژانسی یوئێن.دی.پی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵەی 'ئامۆژگاری سەبارەت بە مین' کە ڕێکخراوێکی بەریتانیاییە ڕایانگەیاند هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵوحاڵە ڕزگارکراوەکەیان، ئەو هەموو مینە چێندراوەیە.
د. دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "وەک لیژنە چەندین جار جەختمان کردووەتەوە کە هۆکارێکی سەرەکیی نەگەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، نەبوونی خزمەتگوزاری و ئەو هەموو مینە چێندراوەیە، ئەوەی لەم دواییانەدا لە 22ی شوباتی 2016 لەلایەن یوئێن.دی.پی و کۆمەڵەی ئامۆژگاری سەبارەت بە مین بڵاو کراوەتەوە پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانەیە کە ئێمە بڵاومان کردبوویەوە، بەڵام دانپێدانانی ئەمە لەلایەن چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە بەڵگەیەکی ئاشکرایە کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە حکوومییەکان پێکەوە کاری جددی بکەن بۆ نەهێشتنی ئاستەنگی سەر ڕێی گەڕانەوەی خەڵک؛ بە تایبەت لە ڕووی سەقامگیری ئەمنی و گەڕانەوەی ژیان بۆ ئەو ناوچانە."
ئاژانسی یوئێن.دی.پی (پرۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان) کە ئاسانکاری سەرمایەگوزاری بۆ سەقامگیرکردنی ئەو ناوچانە بە تایبەتی لە ناوەڕاستی عێراق دەکات، کە لەژێر دەستی داعش ڕزگار کراون، دەڵێت: "هۆکارێکی سەرەکیی نەگەڕانەوەی خەڵک بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکانی دەوروبەری ڕومادی، نەینەوا، سەلاحەدین و دیالە، مینی چێندراو و بۆمبڕێژبوونی ماڵانە؛ چونکە ئەمە بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی ژمارەیەکی زۆر لەو خەڵکەی کە دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، ئەوەتا لەو دوو حەفتەیەدا ئەو چەند بنەماڵەیەی گەڕابوونەوە ڕومادی، مینیان پێدا تەقیوەتەوە گیانیان دەرچووە."
کۆمەڵەی ئامۆژگاری سەبارەت بە مین کە ڕێکخراوێکی بەریتانیاییە و ماوەی 24 ساڵە لە باشووری کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای میندا سەرقاڵی 'میندۆزی'ـنە و تاوەکو ئێستا 85 کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوییان لە مین پاک کردووەتەوە؛ ئەم کۆمەڵەیە دەڵێت: "لەبەر ئەو هەموو مینە چێندراوە، کەس ناوێرێ بگەڕێتەوە سەر ماڵوحاڵە ڕزگارکراوەکەی خۆی."




