ڕێگری له نهوت، لێدانه له بژێویی خهڵكی هەرێمی كوردستان

هەولێر-KDP.info- "گومانی تێدا نییە، تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان كارێكی خراپ و نابەرپرسانەیە و ئیدانەی دەكەم، چونكە بابەتی نەوت پەیوەندی بە ئابووریی هەرێمی كوردستانەوە هەیە و، بژێویی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەسەر نەوتە، (عەبدولستار مەجید) وەزیری کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێم وای گوت. هەر پێوەست بەم پرسە (د.محەممەد بازیانی) دەڵێ، پەکەکە زیان بە کوردستانی گەورە دەگەیەنێت.
رۆژی پێنجشەممە (18-2-2016)، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە رۆژی سێشەممە (16-2-2016)ـوە هەناردەكاری نەوتی هەرێمی كورستان لە ڕێگەی بۆڕییەوە، بە هۆی هێرشكردنەسەری لەلایەن پەكەكە لە نزیك "روحا" لە باكووری كوردستان وەستاوە، بۆیە لەم بارەیەوە هەرێمی كوردستان ئیدانەی ئەم كارە نابەرپرسانەی پەكەكەی كرد.
(د. محەممەد بازیانی) سەرۆكی سەنتەری هودا بۆ توێژینەوەی ستراتیژی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەم كارەی پەكەكە، كارێكی نانەتەوەییە، چونكە زەرەرمەندی یەكەم گەلی كوردستانە. ئەوان دەڵێن ئێمە خەمی نەتەوەییمان هەیە، بەڵام ئەم كارەیان پێچەوانەی بانگەشهكانیانە، پاشان بەم كارەیان سۆز و عەتفی گەلی كورد بۆ خۆیان راناكێشن بە تایبەت گەلی كوردستان و، بە تایبەتتر لەم قەیرانە داراییەی كوردستانى پێدا ڕەت دەبێ".
(بازیانی) گوتیشی: "گومانی تێدا نییە نەیار و ناحەزانی كورد سوودمەند دەبن و پێگەی كورد لاواز دەبێت و، دۆستانی كورد سۆزیان بۆ پرسی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان لاواز دەبێت، هەروەها ئەو دەرفەتەی بۆ كورد رەخساوە كە ببێتە خاوەنی دەوڵَەتی سەربەخۆی خۆی، لەبار دەچێ و هەموو كورد زەرەرمەند دەبێت. پاشان جێی پرسیارە كە ئایا پەكەكە بۆ بۆڕییە گازەكانی نێوان ئێران توركیا ناتەقێننەوە ئەگەر خەمی نەتەوەیییانە، ئەمە جێگای تێرامانە، وەك پێشتر گوتمان تەنیا ناحەزان و نەیارانی كورد قازانج لەم كردەیە دەكەن".
دەربارەی ئەم هەڕەشانەی پەكەكە جیا لە زیانە ئابوورییەكەی، لە ڕووی یەكیەتی و یەكڕیزیی كوردەوە لەو قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەدا دەیكات، (د. محەممەد) گوتی: "پەكەكە زیان بە پرۆسەی "كوردستانی گەورە"ـی پەكەكە دەگەیەنێت كە بانگەشەی بۆ دەكەن، هەروەها رق و كین و دووبەرەكی لە نێوان پارچەكانی كوردستاندا دروست دەكات".
هەر لەم بارەیەوە، وەزیری كوشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو (عەبدولستار مەجید)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "گومانی تێدا نییە تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان كارێكی خراپ و نابەرپرسانەیە و ئیدانەی دەكەم، چونكە بابەتی نەوت پەیوەندی بە ئابووریی هەرێمی كوردستانەوە هەیە و بژێویی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەسەر نەوتە".
(مەجید) دەشڵێت: "ئەم كردەیە، دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستانە، چونكە ئەمە پەیوەندی بە هەموو كوردستانەوەهەیە نەوەك ئێستا، بەڵكو پەیوەندی بە هەموو نەوەكانی داهاتوویشەوە هەیە، هەرچەندە حكوومەت بە ناوی هەموومانەوە وەڵامی كردە نابەرپرسیارانەكانی پەكەكەی داوەتەوە".
فایزە پاڵانی




