سەڵاح بەدرەدین: پەکەکە پلان دژی کورد دادەنێت

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- (سەلاح بەدرەدین) سیاسەتمەداری دیاری ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێ، پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست بووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە کورد بکات نەکا ببێتە بەشێک لە شۆڕشی سووریا و، چەکدارەکانیشی لە قەندیل و باکوری کوردستانەوە نێردراون و سەر بە پەکەکەنە، بۆیە پێویستە ھەرچوار پارچەی کوردستان یەک بگرن لەبەر ئەوەی پەکەکە پلان دژی کورد دادەنێت.
(سەلاح بەدرەدین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەیەدە لە ساڵی 2012 بە پێی پلانێکی ئێران و سووریا دروست بووە و چەکدارەکانیشیان لە دەرەوەی سووریا ھێنا لە قەندیل و کوردستانی تورکیاوە و، مەبەستێکیان لە دروستکردنی ھەبوو، ئەویش ڕێگا لە تەڤگەری ئازادیخوازی کورد بگرن و ڕێگە نەدەن کورد ببێتە بەشێک لە شۆڕشی سووریا و لەو کاتەوە پەیەدە پلانی ڕژێم جێبەجێ دەکات."
دەیشڵێ، شوێنی کورد لە سووریا زۆر گرنگە لە نێوان تورکیا و سووریا و عێراقە و تورکیا ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە شۆڕشی سووریا، بۆیە ئەو گروپانە دروست کراون کە ڕووبەڕووی تورکیا ببنەوە و پەکەکە ئەو گروپانەی دروست کردووە.
(سەلاح بەدرەدین) ڕوونیشی کردەوە، پەیەدە و (ساڵح مسلم)ـیش ھیچ بڕیارێکیان بەدەست نییە و، لە قەندیل و شوێنی دیکەوە بڕیاریان بۆ دەچێت، بۆیە زۆر کاری نهێنی دەکرێت و زۆرێکیان ھەر ئاگادار نین و تەنھا بڕیاریان بۆ دێت و جێبەجێی دەکەن.
ئەو کەسایەتییە سیاسییە دیارەی ڕۆژئاوای کوردستان گوتیشی، ئەو پلانەی ئێستا دژی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ھەرێم ھەیە، بەشێکە لە پلانی پەکەکە و، بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە دەستیان لەگەڵ ھەندێک ھێزی کورددا تێکەڵ کردووە لە باشووری کوردستان؛ بۆیە پێویستە ھەرچوار پارچەی کوردستان خۆیان یەک بخەن، لەبەر ئەوەی پەکەکە پلان لە دژی کورد دادەنێت و، بوونەتە کەلەمی سەرەڕێی تەڤگەری ئازادیخوازی کورد.
بڵند ئیبراھیم




