٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایەكی ڕۆژئاوا، نهێنیی ئاشكراكردنی پێوەندیی پەیەدەی بە رژێمی ئەسەدەوە دركاند

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info-  شارەزا لە كاروباری رۆژئاوای كوردستان (مستەفا شەفیق) دەڵێت، ئاشكراكردنی بوونی رێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان پەیەدە و رژێمی سووریادا، بۆ ئەوەیە كە پەیەدە خۆی لە ئەمەریكا نزیك بكاتەوە، بۆیە ئێستا رژێمی سووریا ئەو رێككەوتنەی ئاشكرا كردووە، هەر لەبەر ئەوەیشە لە ماوەی رابردوودا پەیەدە نەیتوانی لەگەڵ كورددا رێككەوتن بكات.

ئەو شارەزایەی كاروباری رۆژئاوای كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەمێكە ئێمە باس لەوە دەكەین كە پەیەدە بەشێكە لە رژێمی سووریا و هەڵەكەیان لەوەدایە كە رێككەوتنكێی ستراتیژییان لەگەڵ سووریادا كردووە و ماوەی چوار ساڵە بەردەوامە، هەڵبەتە ئێستا بوونەتە ئەمری واقیع  لە رۆژئاوای كوردستان، لەبەر ئەمەیش بوو نەیانتوانی لەگەڵ كورددا رێككەوتن بكەن، بۆیە راستە كە پەیەدە بەشێكە لە رژێمی سووریا و خۆزگە ئەمە راست نەبووایە ،چونكە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ كورد و هەندێك وڵاتانی هاوپەیمانان بڕیوە و خۆی لە رژێمی سووریا نزیك كردەوە".

(شەفیق) گوتیشی: "پرسی ئاشكراكردنی ئەم نهێنییە لە لایەن رژێمەوە لە ئێستادا كە پەیەدە بەشێكە لە ئەوان، مەبەستی خۆی هەیە كە ئەویش ئەوەیە پەیەدە هەندێك لە ئەمەریكا نزیك بووەتەوە، بۆیە دەیەوێت بە ئاشكرا باس لەوە بكات ئەوان لە دەست ئێمەن و بەڵگەیش هەیە ئاگاداری خۆتان بن و ئەمە هۆشداریی رژێمە بۆ پەیەدە".

سەبارەت بە لێدوانێكی (ساڵح موسلیم) هاوسەرۆكی پەیەدە كە باس لەوەدەكات ئەوان دەوڵەتی كوردییان ناوێت، ئەو شارەزایەی رۆژئاوای كوردستان ڕوونی كردەوە، ئەو قسەیەی هاوسەرۆكی پەیەدە راستە، چونكە ناویان پەیەدەیە و هیچ ناوێكی كوردستانییان پێوە نییە، ئەم قسانەیش لە ژێر گوشاری رژێمی سووریادا دەكەن.

دەشڵێت: "ئەمەی پەیەدە دەیكات، مەترسییە بۆ سەر دۆزی كورد و، ئێمە هەمیشە باسی ئەو مەترسیانەیشمان كردووە و مەبەستی ئێمەیش دوژمنایەتیی پەیەدە نییە، بەڵكو ئێمە تەكیدمان كردووەتەوە كە پێویستە كورد لەنێو خۆیاندا رێككەوتنی ستراتیژییان هەبێت و ئاساییە لەگەڵ دوژمنی خۆیشیاندا پەیوەندیدیی تەكتیكییان هەبێت؛ بەڵام  پێویستە پەیوەندیی ستراتیژییان لەگەڵ كورد هەبێت نەك رژێمی سووریا، چونكە بەرپرسانی رژێمی خۆیان باس لەوە دەكەن پەیوەندیی ستراتیژییان لەگەڵ پەیەدەدا هەیە كە پەیەدە ئینكاریی ئەوەی دەكرد و ئێستا ڕوون بووەوە كە پەیەدە درۆی كردووە.

جەختیشی كردەوە كە، ئێستایش ئەگەر پەیەدە بە سیاسەتەكانی خۆیدا بچێتەوە، سوودی بۆ كورد دەبێت.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار