٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەرمیانی: سەرۆکایه‌تیی حکوومەت سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی بە مامۆستایان دراوە

سەرچاوە: KDP.info
ھەولێر -KDP.info-  جێگری سەرۆکی یەکیه‌تیی مامۆستایان سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتیی حکوومەت و یەکێتیی مامۆستایان دەڵێ، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئەنجامی باشی لێ دەکەوێتەوە، چەند بەڵێنێکی نوێیش بە مامۆستایان درا بۆ ئاساییکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە.
 
ئەمڕۆ (٢٢/٢/٢٠١٦) سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران (نێچیرڤان بارزانی) و جێگری سەرۆکی حکوومەت (قوباد تاڵەبانی)، لەگەڵ یەکیه‌تیی مامۆستایانی کوردستاندا کۆ بوونەوە بۆ بەڵێنی جێبەجێکردنی چەند داواکارییەک کە لە کۆبوونەوەکانی پێشووتر پەیمانیان بە مامۆستایان دابوو.
 
(ئەحمەد گەرمیانی) جێگری سەرۆکی یەکیه‌تیی مامۆستایان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "نیوەمووچەی مانگی ئەیلوولی ساڵی (٢٠١٥)ی سەرجەم مامۆستایان تا چەند ڕۆژی دی دابین دەکرێت؛ جگە لەوەش خشتەی مووچەی مانگی شوبات پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت و لەگەڵ وەزارەتی شارەوانییشدا لە گفتوگۆدان بۆ پێدانی زەوی یان یەکەی نیشتەجێبوون بەو مامۆستایانەی تا ئێستا سوودمەند نەبوونە".
 
(گەرمیانی) گوتیشی: "سەبارەت بە شکاندنی بایکۆت و دەستکردنەوە بە دەوامی ئاسایی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەستخۆشی لەو مامۆستایانە دەکەین کە بڕیاریان داوە بگەڕێنەوە ھۆڵەکانی خوێندن، ھیواخوازین ئەو مامۆستایانەشی تا ئێستا بایکۆتیان نەشکاندووە، دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەنەوە".
 
دەشڵێت: "سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی جەختیان لەوە کردەووە کە لەسەر بەڵێنەکەی خۆیان دەبن و، سووریشن لەسەر جێبەجێکردنی، بەڵام پێویستیان بە چەند ڕۆژ مۆڵەت هەیە".
 
فایزە پاڵانی

هەواڵی پەیوەندیدار