مه‌به‌ستی عه‌بادی چاره‌کردنی كێشه نییه؛ مزایه‌ده‌یەکی سیاسییه و بەس!

هه‌ولێر-KDP.info- ئه‌ندامێكی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ڕایگه‌یاند، عێراق پاره‌ی نییه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی بدات؛ وا بۆ خۆی لە بانکی عێراق، پاره قه‌رز ده‌كات، جا چۆن دەتوانێ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات!؟
زۆرێك له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه چونكه (حه‌یده‌ر عه‌بادی) وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له جیاتی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ (نێچیرڤان بارزانی) دابنیشێ و گفتوگۆ بكات و ڕێگه‌چاره‌یه‌كی گونجاو بۆ كێشه‌كان بدۆزێته‌وه، په‌نا بۆ ڕاگه‌یاندن ده‌بات و له ڕاگه‌یاندنه‌كانەوە شته‌كان ده‌خاته ڕوو، بۆیه پێیان وایه زیاتر له ده‌لیلێكی هه‌یه.
(ئازاد سرێشمه‌یی) ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، لە وەڵامی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا دەڵێ: "(عه‌بادی) ده‌یه‌وێت ببێته به‌شێك له ناكۆكییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به داخه‌وه وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌بووایه ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا باس له ڕێگه چاره‌كان بكات، نه‌ك له ڕاگه‌یاندنه‌كانەوە، هه‌روه‌ها نه‌بێته به‌شێك له كێشه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، چونكه وه‌ك ده‌بینین له ڕاگه‌یاندنه‌كانی خۆمان هه‌ندێك لایه‌ن باس له‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غدا كێشه‌ی دارایی چاره‌سه‌ر ده‌بێت، كه هه‌ندێك لایه‌ن ئه‌و بۆچوونه‌یان پێ ڕاستە، ئه‌گه‌رنا هه‌موومان ده‌زانین عێراق به چ بارودۆخێكدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، عێراق بۆ خۆی پاره‌ی نییه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی بدات، كه بۆ خۆی پاره قه‌رز ده‌كات و له بانكی عێراقی وه‌رده‌گرێت و له بانكی نێوده‌وڵه‌تی قه‌رز ده‌كات، چۆن ده‌توانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات! بۆیه مه‌به‌ستی عه‌بادی ئه‌وه نیه كه كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكات، ته‌نیا مزایه‌ده‌ی سیاسییه، ئه‌گه‌رنا ڕێگه‌ی گفتوگۆ هه‌یه و ده‌توانێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمدا دابنیشێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات."
(سرێشمه‌یی) جه‌خت ده‌كاته‌وه: "ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم نه‌وتی خۆیشی بداته عێراق، بوودجه و مووچه‌ی هه‌رێم ڕه‌وانه ناكات، چونكه له ساڵی 2015 ڕێككه‌وتن هه‌بوو، به پێی یاسای بوودجه‌ی گشتی عێراق ده‌بووایه حكوومه‌تی عه‌بادی پێگری پێ كردبایه و بوودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستانی ڕه‌وانه كردبایه، به‌ڵام ڕه‌وانه‌ی نه‌كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌رێم پابه‌ند بوو به‌و ڕێككه‌وتنه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق ڕوونی كرده‌وه: ئێستایش حكوومه‌تی هه‌رێم كه ڕاسته‌وخۆ نه‌وتی خۆی ده‌فرۆشێت به‌و نرخه‌ی ئێستا كه ڕۆژانه نزیكه‌ی 600هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده ده‌كات، به‌و نرخه‌ی ئێستا ناكاته 500ملیۆن دۆلار، حكوومه‌تی هه‌رێم پێویستی به 700ملیۆن دۆلار هه‌یه ته‌نیا بۆ مووچه‌خۆران، ئه‌ی بۆ بوودجه‌ی ته‌شغیلی، خۆ هه‌ر مووچه‌خۆر نییه؛ حكوومه‌تی عێراق به چی بوودجه‌ی هه‌رێم دابین بكات؟ ئه‌گه‌ر به نه‌وتی هه‌رێم بێت، ناتوانێت ئه‌وه بكات، ئه‌و ده‌یه‌وێت داهاتی سنووره‌كان و گومرگه‌كان بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غدا، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه بكات ته‌سلیم بوونه به عێراق، ئه‌و ماندووبوونه‌ی ئێمه داومانه بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئابووری، بۆ ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له هه‌رێم هه‌ن، بده‌ینه ده‌ست به‌غدا و جارێكی دیكه بۆ مووچه له ئه‌وان بپاڕێینه‌وه ئه‌وه شتێكی باش نییه و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه قه‌بووڵ ناكا."
ڕابین شێروانی




