مەسروور بارزانی: هیچ رێگایەکمان نییە جیا لە چاکسازی

ههولێر-KDP.info- ئاماژە بە پێویستیی سەرکەوتنی پرۆژەکانی چاکسازیی سەرۆکی هەرێم، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان، رایگهیاند، ''هیچ رێگەیەکمان نییە جیا لە بە ئەنجامگەیاندنی چاکسازی و رێکخستنەوی سیستەمی ئیداری و ئابووری و دارایی هەرێم لە سەر بنەمایەکی دروست و شەفاف.''
ئەمڕۆ 22/2/2016 ، (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان و (فرانک بەیکەر) باڵیۆزی بهریتانیا لە عێراق، بە ئامادەبوونی (ئەنگز مەکی) کۆنسووڵی گشتیی بهریتانیا لە هەولێر، دواڕەوشی سیاسی و سەربازیی هەرێم و ناوچەکەیان تاوتوو کرد.
بابەتی قەیرانی ئابووری و دارایی هەرێمی كوردستان تەوەرێکی سەرەکیی دانوستانەکان بوو.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان لەم بارەوە ئاماژەی بە پێویستیی سەرکەوتنی پرۆژەکانی چاکسازیی سەرۆکی هەرێم کرد و گوتی: هیچ رێگەیەکمان نییە جیا لە بە ئەنجامگەیاندنی چاکسازی و رێکخستنەوی سیستەمی ئیداری و ئابووری و دارایی هەرێم لە سەر بنەمایەکی دروست و شەفاف.
(مەسروور بارزانی) هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی بە بەرپرسیار زانی و ئاماژەی دا، کە هەرلایەنە و بەپێی قەبارەی خۆی بەرانبەر ئەو کەموکوڕیانەی هەن بەرپرسیارن، بۆیە دەبێت هەموو پێکەوە ئەرکی چاکسازی لە ئەستۆ بگرن و پاڵپشتی لە پرۆسەی چاکسازی بکەن.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئاماژەیشی دا، کە پرۆسەی چاکسازی کاتی پێویستە، بەڵام هەرێم پێویستیی خێرا و هەنووکەیی بە پاڵپشتیی دارایی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە، چونکە پاڵپشتیی پێشمەرگە و خەرجیی بەرەکانی جەنگ، دواکەوتنی زیاتر هەڵناگرێ.




