فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، خواستى پارێزگاى هەڵەبجە دەگەیەنێتە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى

ههولێر-KDP.info- لە دیدارێکى نێوان (فەلاح مستەفا) بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت و (عەبدوڵڵا نەوڕۆڵى) پارێزگارى هەڵەبجەدا، باس لە میکانیزمى دروستکردنى پردى پەیوەندى لەگەڵ کۆمەڵگاى نیودەوڵەتى و ئاژانسەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.
پارێزگارى هەڵەبجە له دیدارەكهدا باسى لە خواست و پێداویستیی ئەو پارێزگایە کرد کە زۆرترین قوربانى داوە و چەکى قەدەغەکراوى بەرانبەر بەکار هاتووە و تا ئێستایش دانیشتووانەکەى پێویستیى زۆریان پشتگیریى نێودەوڵەتى هەیە.
(عەبدوڵڵا نەوڕۆڵى) هاوكات هیواى خواست، فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت یارمەتییان بدات بۆ ئەوەى لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەیوەندى ببەستن بۆ ئەوەى بتوانن لە بوارە جیاجیاکان یارمەتیى پارێزگاى هەڵەبجە بدەن.
لای خۆیهوه (فەلاح مستەفا) گوتى، هەرچى بۆ پارێزگاى هەڵەبجە بکرێت هەر کەمە؛ راستە حکوومەت توشى قەیرانیکى قووڵى دارایى بووە، بەڵام بوونى هەڵەبجە وەک پارێزگایەک جێگەى خۆشحاڵى هەموومانە و دەبێ بە هەر شێوەیەک بێت پشتگیرى لە پێشخستن و بوژانەوەى ئەم پاریزگایەدا بکەین.
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت ئامادەیى تەواوى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى خستەڕوو بۆ ئەوەى بە ئامادەبوونى پارێزگارى هەڵەبجە، خواست و داواکارى و پێداویستیى ئەم پارێزگایە لە رێگەى نوێنەرانى وڵاتانى بیانى و دیپلۆماتکاران بخرێتە بەردەم کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و، ئاژانسەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان.
هەردوولایش کۆک بوون بۆ ئەوەى لە رێگەى میکانیزمێکى گونجاوهوه لە کۆبوونەوەیەکى فراواندا داواکارى و پێداویستییەکانى پارێزگاى هەڵەبجە ئاراستەى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بکرێت.




