٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

'رێککەوتنەکەی خورماتوو ڕێککەوتنێکی حزبییە'

سەرچاوە: KDP.info

خورماتوو -kdp.info-  بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو دەڵێت، ڕێککەوتنەکەی ئەمڕۆی خورماتوو، ڕێککەوتنێکی حزبی بووە، لەبەر ئەوەی هیچ پرسمان پێ نەکراوە؛ دەشڵێت، ئەو ڕێککەوتنە ھیچ ئەنجامێکی نابێت، لەبەر ئەوەی پێشتر ڕێککەوتنی دیکە کراوە و، ھیچی لێ جێبەجێ نەکراوە.

 

(فارووق ئەحمەد) بەڕێوەبەری ئاسایشی دووزخورماتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ڕێککەوتنەی ئەمڕۆ، ڕێککەوتنێکی حزبییە، لەبەر ئەوەی ئێمە وەکو دەزگایەکی فەرمیی ئەمنی لە دووزخورماتوو ھیچ پرسێکێمان پێ نەکراوە و، بەشداریشمان لەو ڕێککەوتنەدا نەکردووە؛ خۆی ئەوەی کراوە تەنها بۆ ئەوەیە کە ئیدانەی ئەو ڕوداوانە بکەن و ھیچی دی."

 

)فارووق ئەحمەد) گوتیشی، ئەو ڕێککەوتنەش جێبەجێ ناکرێت، ئەوەتا چەند ڕێککەوتنەکەی پێشوویش، ھیچیان لێ جێبەجێ نەکراوە.

بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو ڕوونیشی کردەوە، ئەو کۆبوونەوانە تەنها خۆخافڵاندنە و، هیچ دی.

ئەمڕۆ کورد و شیعە لە دووزخورماتوو کۆ بوونەوە و، لەسەر سێ خاڵ ڕێک کەوتن:

یەکەم/ سەرکۆنەکردنی سەرجەم ھەوڵ و، کارە نایاساییەکانی میلیشیاکانی دەرەوەی یاسا لە کوشتن، گرتن و ڕفاندن، ھێرشکردنە سەر مڵک و ماڵی ھاووڵاتیان؛

 

دووەم/ سەرجەم ئەنجامدەرانی ئەو کارە نایاساییانە کە فەرمانی دەستگیرکردنیان ھەیە ڕادەستی ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بکرێن و، ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە، بێ‌ئەوەی ھیچ لایەک پشتیوانیان لێ بکا، ھەروەھا ھەردوو لا، پێشمەرگە و حەشدی‌شەعبی لە دەستگیرکردنی بکەرەکان و، ھێورکردنەوەی دۆخەکە ھاوکاریی ئاسایش و پۆلیس بکە؛

 

سێیەم/ بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکان بە شێوەی خولی و جێبەجێکردنی بڕیارەکان.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار