حزبەکان نیگهرانن.. پێنجوێنی: ''پهكهكه به قسهی حكوومهت نهوهستێ، حزبهكان دێنه سهر خهت''

ههولێر-KDP.info- هەڕەشەی پەکەکە لەسەر تەقاندنەوەی بۆری گازی کوردستان و نەهێشتی بە چوونی بۆ تورکیا، نیگەرانیی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستانی لێکەوتەوە و سەرجەمیان داوا دەکەن پەکەکە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە؛ ئەندامێكی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش دهڵێ، ''ئەگەر هاتوو پەکەکە به داوای حكوومهتی ههرێم واز لهم كردارانهی نههێنێت، ئەوا دهبێ هێزە سیاسییەکان بێینە سەرخەت و، ئەم هەڕەشانە بوەستێنین."
(دەمهات عەگید) گوتەبێژی کۆما جڤاکێ کوردستان (کەجەکە) لە لێدوانێکدا رایگەیاند: ئەوان رێگا نادەن بۆریی گازی کوردستان لە رێگای تورکیاوە هەناردە بکرێت، ئەم لێدوانە نیگەرانیی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی لێکەوتەوە و پێیان وایە جۆرێکە لە تیرۆر، (د.موسەنا ئەمین) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیمورکاتی کوردستان ڕاگەیاند: "ئەگەر پەکەکە هەڕەشەی تەقاندنەوەی بۆریی گازی سرووشتیی کوردستان بکات، کارێکی دوژمنکارانە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان دەکات کە هیچی لە تیرۆر کەمتر نییە، جگە لەوەی بەم شێوەیە چارەسەری پرسی کورد لە باکووری کوردستان ناکرێت".
هاوکات، (هەڵۆ پێنجوێنی) ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''داهاتی خەڵکی کوردستان لەسەر ئەو نەوت و گازەیە كه دەنێردرێتە دەرەوە، بۆیە دەبێت ئەو گرفتە حکوومەت لەگەڵ پەکەکە چارەسەری بکات، چونکە بە تەقاندنەوەی ئەو بۆریانە گرفت بۆ قوتی خەڵک دروست دەبێت.''
ئهو ئەندامهی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان گوتیشی: "ئەگەر هاتوو پەکەکە لە رێگای حکوومەتیشەوە نەگەیشتە ئەنجام، ئەوا ئێمە وەک هێزە سیاسییەکان دێینە سەرخەت و، دەبێت ئەم هەڕەشانە رابوەستێنرێت".
هاوکات، (عەبدوڵڵا وەرتی) گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''بە هەموو شێوەیەک هەڕەشە لەسەر تەقاندنەوەی بۆریی گاز و نەوت ڕەت دەکەینەوە؛ دەبێت پەکەکە ببێتە عاملێکی خێر بۆ کوردستان نەک عاملێکی شەڕ و دهبێ خۆی لەو بابەتە دوور بکاتەوە.''
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دهپرسێ: "ئەی پەکەکە ئەوە نازانێت کە ئێمە بۆ ئازادکردنەوەی کۆبانێ هێزی پێشمەرگەمان نارد، بەبێ ئەوەی بیر لە هیچ دەستکەوتێک بکرێتەوە، ئێستا خێرە پەکەکە ئەم هەڕەشانە دەکات؟، وێرای ئەوەش دەبێت بەو سیاسەتیە خۆیدا بچێتەوە و واز لە هەڕەشەکردن بهێنێت".
هاوکات، (سوبحی مەهدی) ئەندامی سەرکردایەتیی حزبی شیوعیی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''ناکرێت لەژێر هیچ پاساوێکدا هەڕەشە لە قوتی خەڵکی بکرێت، چونکە بە تەقاندنەوەی بۆریی گازی کوردستان، نەک کێشەی کورد لە باکووری کوردستان چارەسەر نابێت، بگرە گرفت بۆ باشووری کوردستانیش دروست دەکات.
(سوبحی مەهدی) گوتیشی: "کەی کاتی ئەوەیە کە ئێستا پەکەکە قینەی خۆی بەم بۆریانە هەڵڕێژێت؟".
کارزان سەباح








