وەزارەتی پەروەردە: دەستپێکردنەوەی دەوام لە سنووری سلێمانی ھیوایەکی گەورە دەخاتە دڵی زۆر کەسەوە

ھەولێر-kdp.info- وهزارهتی پهروهرده دهڵێت، ھەموومان قەرزارباری ماندوویەتینەناسی و شەونخوونی مامۆستایانین و بەردەوام داکۆکیمان لە مافی مامۆستایان کردووە و، لێیش ناگەڕێین مافیان بفەوتێت.
وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان نێردراوە و تێیدا دهڵێ، دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی خوێندن لە سنوورەکانتان، نیشانەی دڵسۆزی و تێگەیشتن لە خەبات و ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی ئێوەیە. گومانی تێدا نییە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، پێویستمان بە ئاوەزێکی پەڕگیر و قووڵبین ھەیە بۆ تێگەیشتن لە قەیرانەکان.
ئەوەشی تێدا ھاتووە، قەیرانی دارایی و دابەزینی بەھای نەوت و بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان و تەنگەژەی نێودەوڵەتی و ھەرێمی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ناکرێت ھۆکارێک بن بۆ تێکدانی بنەماکانی ئەو گەشەسەندن و حکوومەتدارییەی کە لە ھەرێمی کوردستان (بە چاک و بە خراپ) ئەزموون کراوە، ئێمە لەوە دەگەین کە ئەم قۆناغە، سەخت و دژوارە، بەڵام بە ھەموومانەوە، پێویستە ھاوکار و ھاوڕار بین بۆ تێپەڕین لەم دۆخە و بە دڵنیاییشەوە سەر دەکەوین.
وهزارهتی پهروهرده جهخت دهكاتهوه كه، ھەموومان قەرزارباری ماندوویەتینەناسی و شەونخوونیکێشانی مامۆستایانین و ئێمەیش لە وەزارەتی پەروەردە بەردەوام داکۆکی لە مافی مامۆستایان دەکەین و، لێیش ناگەڕێین مافیان بفەوتێت؛ هەوڵ دەدەین ژیانی مامۆستایان لە ئاست ئەو خزمەتە مەزنەیاندا بێ؛ وا ڕۆڵەی گەل ھۆشیار دەکەنەوە و، پێیاندەگەیێنن و، فێرە مەعریفە و زانینیان دەکەن.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، بە دەستپێکردنەوەی دەوام و واڵاکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، ھیوا و ئومێدێکی گەورە دەبەخشنە منداڵە چاوگەشەکان و ئەو دایکوباوکانەی قورساییەکی گەورەیان لەسەر شان ھەڵگرتووە بۆ جیاوازبوون و باشتربوونی چارەنووسی جگەرگۆشەکانیان لە ھی خۆیان و ورەیەکی گەورەتر دەخەنە دڵی پێشمەرگە قارەمانەکان، کە منداڵەکانیان بە ھیوای ئێمە و بۆ داھاتوویەکی ڕووناک بەجێ ھێشتووە و، سینگیان وەبەر سینگی دژمنە پڕلەقینەکەی مرۆڤایەتی داوە.
لە کۆتاییدا ھاتووە، سوپاس بۆ ھەموو ئەو دڵسۆزانەی کە لەم ماوەیەدا بە قسەیەکی خێر و نیشتمانپەروەرانە ھەوڵی چارەسەرکردن و ھێورکردنەوەی دۆخەکەیان داوە.
بڵند ئیبراھیم




