٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەنجوومەنی نوێنەران، گفتوگۆ لەبارەی بەنایاسایی بردنەدەرەوەی پارە عێراق دەكات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دەستپاكی دەڵێ، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا گفتوگۆ لەبارەی بەنایاسایی بردنەدەرەوەی پارەى عێراق دەكرێت و، ڕاپۆرتێكیش لەلایەن چەند لیژنەیەكەوە لەسەر ئەم پرسە پێشكەش دەكرێت .

(د. ئەردەلان نوورەدین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "لە دانیشتنی حەفتەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بڕیار لەسەر ئەوە درا كە لیژنەی دەستپاكی لەگەڵ لیژنەكانی تایبەتمەندی وەكو لیژنەی دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان ڕاپۆرتێك ئامادە بكەن لەسەر ئەو پارانەی كە پارەی عێراقین و لە دەرەوەی وڵاتن، كە ئەوانیش دوو جۆرن، جۆرێكیان ئەوانەن كە لە سەردەمی رژێمی بەعسی ڕووخاو لە بانكە جیهانییەكان دانراون یاخود موڵكی عێراق بوون، بەشێكی تریش لای ئەو كە سانەیە كە تاوانیان ئەنجام داوە و پارەكانیان بردووە بۆ دەرەوەی عێراق، بۆیە لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دوای ئەنجامدانی چەند كۆبوونەوەیەك، ڕاپۆرتێك لەسەر ئەو پرسە پێشكەش دەكرێت" .

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق گوتیشی: "‌لە ڕاپۆرتەكەدا جەخت دەكەینە سەر رێژەی ئەو پارەیە كە چەندە و لە چ وڵاتێكە، هەروەها چۆن دەتوانین ئەو پارانە بگەڕێنینەوە كە دەگەڕێتەوە سەر رێككەوتنی دوولایەنە لەگەڵ ئەو وڵاتانە و ‌لەسەر وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش پێویستە بەم ڕۆڵە هەڵبستێت"  .

(د. ئەردەلان) زیاتر دەڵێ: "عێراق تا ئێستا چەندین لیژنەی حكوومی و باڵای بۆ ئەو مەبەستە پێك هێناوە، لیژنەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیران و لە وەزارەتی دارایی و دەستەی نەزاهە و جگە لە لیژنەی نەزاهەی پەڕلەمانیش كە كاریان ئەوە بوو ئەو پارانە بگەڕێننەوە، بەڵام تا وەكو ئێستا تەنیا توانیویانە 400 ملیار بگەڕێننەوە بۆ عێراق و، رێژەیەكی زۆریش لەو پارەیە لە دەرەوەی وڵاتە و پێویستە هەوڵەكان جیدیتر بن بۆ گەڕانەوەی ئەو پارانە" .

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار