فراکسیۆنی زەرد: کات بو گەڕانەوە بۆ ڕای گەل لەبارە

ههولێر-KDP.info- فراکسۆنی زەرد ڕایدەگەیێنێ کە، کات لەبارە بو گەڕانەوە بۆ ڕای گەل و ڕاپرسی لەسەر مافی چارەنووس، ئەمەش پرۆسەیەکی نیشتمانییە و دەخوازێت کۆکەرەوەمان بێت و دوور بیت لە بەرژەوەندیی حزبی و بە حزبیکردنی.
دەقی ڕاگەیێندراوەکە:
ئەمڕۆ 21 شوباتی 2016 فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەڕ هەڵسەنگاندی دۆخی هەرێمی کوردستان و پێشهاتەکان کۆ بووە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لە سەر ئەوەی کە، هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی زور هەستیار تێپەر دەبێت و قەیرانێکی قووڵی دارایی هەرێمەکەمانی گرتووەتەوە، لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستە و دەبێ هەموو هەوڵەکانمان یەک خەین لە پێناو گەلی کوردستان و دەرچوون لەم قەیرانە.
ئێمە وەك فراکسیونی پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتی تەواوی خومان بۆ تەواوی بەرنامەی چاکسازی جەنابی سەرۆك بارزانی دەدەبڕین، هەروەها پشتیوانی هەنگاوەکانی چاکسازیی حکوومەتی هەرێم دەکەین و هیواخوازین هەموو لایەك دوور لە ململانێی سیاسی و حزبی شان بدەینە بەر بەرپرسیاریەتیی ئەم دۆخە سەختە و، بە یەکەوە نەخشەڕێگای دەرچوون و گەیشتن بە کەناری ئارام دابڕێژینەوە، هەر لێرەوەش داواکارین لە پرۆسەی چاکسازی و بەڕێوەبردنی قەیرانی دارایی و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ئەم خاڵانەی خوارەوە لە بەرچاو بگیرێت.
• پرۆسەی چاکسازی پێویستی بە زەمینەیەکی گونجاوی سیاسی هەیە، بۆیە هیواخوازین هێز و لایەنە سیاسیەکان پەلە بکەن لە ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان.
• پرۆسەی چێکسازی گشتگیر بێت و هێچ سەکتەر و مەلەفێك وەلاوە نەنرێت.
• گۆرانکاریەکانی ناوچەکە و ئەگەر و پێشهاتەکان پێمان دەڵێ دەرفەتی زێڕین سەرەڕای بارگرانی و گوزەرانی خەڵکی کوردستان لە بەردەمانە و پێویست دەکات هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان لە پێناو تەحقیقکردنی ئامانجە نیشتمانییەکانمان و چارەسەری قەیرانی دارایی و سەرکەوتنی پێشمەرگەی کوردستان بە سەر تێرۆریستانی داعش و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل، ڕێزەکانمان ڕێك بخەین و بە تێڕوانینەکی نیشتمانی و نەتەوەییانە لەمەڕ پرسەکان هەنگاو بهاوێژین.
• نانەوەی تەگەرە و گرفت بۆ هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی عێراق بەردەوامە، پێویست دەکات هەمومان لە پێناو پارێزگاری لە دەستکەوتەکان و دەستهینانی دەستکەوتی گەورەتر بو ئایندە، پێمان وایە کات لە بارە بو گەڕانەوە بۆ ڕای گەل و ڕاپرسی لەسەر مافی چارەنووس، ئەمەش پرۆسەیەکی نیشتمانی یە و دەخوازێت کۆکەرەوەمان بێت و، دوور بیت لە بەرژەوەندیی حزبی و بە حزبیکردنی.
• لە هەر هەنگاوەکی چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات پێویستە ژیانێ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت و مووچەخۆری کوردستان ئامانجی سەرەکی بێت و هەموو هەوڵێك بخرێتە گەڕ بۆ باشکردنی گوزەرانی هاووڵاتیان.
لە کۆتاییدا ڕێز و سوپاسی فراکسیونی پارتی بو خۆڕاگری خەڵکی کوردستان دەردەبڕین و دڵنیاین ئەم قۆناغە سەختەش بە سەرکەوتوویی تێدەپەڕێنین.
سڵاو لە پێشمەرگە خۆڕاگر و قارەمانەکانمان، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان




