٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاووڵاتیانی هەرێم: ئەو کەشتییەی بەرەو سەربەخۆیی دەڕوا، بە کەس ڕاناگیرێ

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەوانەی بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی قسەیان کردووە دەڵێن، ئەو کەشتییەی کە بەرەو سەربەخۆیی دەڕوا، بەو دەستانە لە جووڵە ناکەوێ کە دەیانەوێ لوولەی نەوت بتەقێننەوە و کێشەی کۆمەڵایەتی بکەنە سیاسی.

 

سەبارەت بە تێکەڵکردنی بابەتە ھەستیارەکانی ناو ھەرێمی کوردستان چەند لایەنێک بۆ تیکدان و ئاژاوەگێریی ناو ھەرێم کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ کێشەی ساسییەکان جیا ناکەنەوە چەند ھاووڵاتییەک سەبارەت بەم بابەتە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوان.

 

 (ھەکار شێروانی) لە شاری ھەولێرەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دیارە دەستێکی دەرەکی دەیەوێ لەنگەر بەو کەشتییە بگرێ کە لە کوردستانەوە بەرەو سەربەخۆکردنی گەلی کورد دەڕوات، ئەو دەستانە لە کوردستان نمایشی سیاسی دەکەن بۆ گەلێک شت، بەڵام دەبینین لوولە نەوتی هەرێم دەتەقێندرێتەوە کەچی لێی بێدەنگن! مەلایەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی خۆیەتی، لێی دێنە دەنگ، کەچی بۆ پرسی نیشتمانی بێدەنگن؛ ئەمە دیارە کە ئەمانە کێین و خزمەتی کێیش دەکەن."

 (شێروانی)گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان بە ھەورازی زۆر سەختتریشدا تێپەڕیوە بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی."

 

(شێخ نەجمەدین) لە شاری ھەولێرەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "باردودۆخی کوردستان ھەستیارە و پێویستی بە یەکڕیزی ھەیە لە بڕیار و گوتار و بۆچوونەکاندا؛ دەبێ بە شێوەیەک بێت لە خزمەتی نیشتمان و نەتەوەکەماندا بێ؛ بێگومان بیری تەسکی حزبایەتی خزمەتی ئەو بارودوخە ناکات کە دەبووایە زیاتر باس لە تەقاندنەوەی لوولە نەوتەکە بکرابایە کە بەرژەوەندی ھەموو لا و تاکێکی ئەم کوردستانەیە، ئاخر ئاسایشی ئابووریمان بەستراوەتەوە بە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانیمانەوە."

 

(ھێمن عومەر) لە ئەڵمانیاوە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "من وەک ھاووڵاتییەک ھەرگیز لەگەڵ تیکدان و تەقاندنەوەیی لوولەی نەوتدا نیم، چونکە زەرەرێکی زۆری لە ئابووریی کوردستان داوە کاتێک بژێویی ھەمو خەڵکی کوردستانی لەسەرە، ئێمە ھەموومان لە کوردستان دەبێـت ھەوڵبدەین دۆخەکە چاکبکەین نەوەک ئەوەندەیتر تێکی بدەین چونکە کوردستان بەتەنھا حزبێک خاوەنی نییە ".

(ھێمن) گوتیشی: "میدیاکان بە گشتی ھەر کەناڵە و سەر بە حزبێکە و، بە گوێرەی ھەوڵوێستی حزبەکەی دەکەوێتە چەواشەکاری و باسی کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکا!"

 

(کارزان ئیبراھیم) لە شاری ڕانیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ ھەموو ئەوانەی کێشەی مەلایەکیان کرد بە کێشەی سیاسی،کە ئاگادارن بە بەرچاوی ئێوەوە لوولە نەوتی کوردستان دەتەقێننەوە کە شادەماری قووتی خەڵکی کوردستانە؛ تەنانەت ھاوکاریش بوو بۆ پەکەکە، تەقێنرایەوە کەچی نوقەیان لێوە نەھات، بەڵکو پێیشان خۆش بوو بۆ ڕازیکردنی لایەنەکانیان، بە ئاشکرا دژایەتی سەربەخۆییی کوردستان دەکەن و، ڕوون دەڵێن شەڕمان دەوێ. بە ئاشکرا دەڵێن ئیمە سەربەخۆییمان ناوێ! باشە وەرن بە خەڵکی کوردستان بڵێن ئێوە لە کوێن؟ بۆ قسەیەکتان نەبوو؟"

 

 دەیشڵێ: "لە کارنامەی ھەموو حیزبەکان داھەیە کەدەڵێن تێدەکۆشین بۆسەربەخۆی کوردستان، ئەی کە تێناکۆشن بۆدژایەتی دەکەن کەواتە بۆڕی نەوت کە ئابووری سەربەخۆییمان بۆدابین دەکات تەقێنرایەوە ئێوە لە کوێن بۆچی دژ نەبوون، بەڵکو پێشتان خۆش بوو، بۆچی مەلایەک کە کێشەی کۆمەڵایەتی ھەبوو، ھەمووتان خەڵکتان بە جۆرێک تێگەیاند و کردتان بە کێشەی سیاسی."

 

(کارزان) گوتیشی: "ئەو کەسانەی دژی سەربەخۆیین، دژی نەوتی کوردستانن، با چاک بزانن ناتوانن فەشەل بەو ئامانجە بێنن بەڵکو ڕۆژ بەرۆژ ئەوئامانجە گەورەتر دەبێت."

 

بە شێوەیەکی گشتی زۆربەی بۆچوونەکانی ئەو هاووڵاتیانە لەمەدا کۆک بوو کە کەشتیی سەربەخۆیی هەرێم کەوتووەتە ڕێ و، بە هیچ دەستێک لەو دەستانەی کە دەیانەوێ کێشەی کۆمەڵایەتی بکەنە سیاسی و، لوولە نەوت بتەقێنەوە ڕاناوەستێ؛ ئەوانە لەگەڵ دەستی دەرەکیدا بوونەتە یەک دژی سەرەبەخۆیی، ئەو کەشتییە لە جووڵە ناکەوێ و بەرەو سەربەخۆیی دەڕوات.

 

فایزە پاڵانی

هەواڵی پەیوەندیدار