"قسەکانی عەبادی دەربارەی کورد پڕوپاگەندەیە و ئامانجێکی سیاسییشی لە پشتەوەیە"

دهۆک -KDP.info- ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (غازی سەعید) دەڵێ، ئەو لێدوانەی کە عەبادی دەربارەی بوودجەی هەرێم داویەتی، مەبەستی تێکدانی بارودۆخی هەرێمە و پڕوپاگەندەیە و هیچ شتێکی دیکە نییە.
(غازی سەعید) ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوت: "زیاتر لە ساڵونیوێک واتە ساڵی ٢٠١٤ هەرهەمووی و، نیوەی ساڵی ٢٠١٥یش، هەموو نەوتی هەرێمی كوردستان تەسلیمی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرا، (حەیدەر عەبادی)، بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی ڕەوانە نەكرد، بۆیە من وای بۆ دەچم كە ئەوە بۆ كەسێكی وەك حەیدەر عەبادی كە سەرۆكوەزیرانی عێراقە، لە ڕاگەیاندنەكان پەیامێكی وا بدات، بۆ تێكدانی بارودۆخی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو قسانەی عەبادی جگە لە پڕوپاگەندە هیچ شتێكی دیكەی بۆ نییە، بۆیە بە بڕوای من ئەوە مزایەدەی سیاسییە و بێبنەمایە؛ وەك دیارە كە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی ئەو لێدوانەی دایەوە كە ئەگەر سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاست دەكات، ئێمە ئامادەین هەموو نەوتی خۆمان بنێرین، بەرامبەر ئەوە كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ مووچەی پێشمەرگە ڕەوانە بكات. جا من وای بۆ دەچم ئەو لێدوانە جگە لە تێكدان و شێواندنی ڕەوشی هەرێمی كوردستان و ئارمانجێكی سیاسی كە لە پشتەوەیە، هیچ ڕاست نییە."
گوتیشی: "عێراق بە خۆی لە قەیرانێکی گەورەی داراییدایە، چۆن دەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات! ئەگەر حكوومەتی هەرێم هەموو نەوتی خۆیشی بداتە عێراق، ئەوان ئامادە نین بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكەن، لەگەڵ ئەوەیش ئەگەر بتوانێت ئەو ئیرادە نییە؛ خۆی من پێم وایە ئەگەر بتوانێت، بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان ڕەوانە ناكات، چونكە لەو كاتەی دەتوانی ڕەوانە بكات، ئەو كات لەبەر مەڕامی سیاسی ڕەوانەی نەدەكرد، ئەی ئەمڕۆ چۆن ڕەوانەی دەكات، ئیرادەی سیاسییش هەمان ئەو ئیرادە سیاسییەیە كە لە ساڵی ٢٠١٤وە خەڵكی هەرێمی كوردستانی پێ سزا دەدرێ."
ڕابین شێروانی




