ڕوونکردنەوە.. تەقاندنەوەی بۆریی نەوت، 79ملیۆن دۆلار زیانی لە هەرێمی کوردستان داوە

ھەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، تەقاندنەوەی بۆریی نەوت، لە پێنج ڕۆژدا زیانەکەی زیاتر لە 79ملیۆن دۆلاری ئەمەریکایی بووە کە بە ھەرێمی کوردستان گەیشتووە، کە دەکاتە مووچەی مانگێکی پەروەردە یان پێنج شەش وەزارەتی دیکە.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوێنێ شەممە دەربارەی ئەو زیانانەی بە هۆی تەقاندنەوەی بۆریی نەوتەوە بە هەرێم کەوتووە، زانیاری لە بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان وەرگرت و بڵاوی کردەوە کە، زیاتر لە 79ملیۆن دۆلار "لە ڕۆژێکدا" زیان بە ئابووریی هەرێمی کوردستان گەیشتووە، چونکە پێوەندییەکە لە ڕێی تەلەفونەوە ساز داربوو، هەڵەتێگەیشتنێک ڕوویداوە بۆیە لە مانشێتدا نووسراوە لە ڕۆژێکدا، هەڵبەتە زانیارییەکانی (ھیڤا حاجی میرخان) وابووە کە، "ئەگەر نرخی یەک بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان کە لەئێستادا بە 26دۆلارە و رۆژانەیش ھەرێم 610ھەزار بەرمیل ھەناردەی دەرەوە دەکات، کەواتە دەکاتە 15ملیۆن و860ھەزار دۆلار زیان بە ئابووریی ھەرێمی کوردستان کەوتووە، کە قوتی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە و مووچەی فەرمانبەران لەو داھاتە دەدرێت."
(ھیڤا حاجی میرخان) گوتیشی، ئەگەر 15ملیۆن و860ھەزار دۆلار لە هەرڕۆژێکدا کۆ بکەینەوە، دەردەکەوێ کە لە ماوەی پێنج رۆژدا 79ملیۆن و300ھەزار دۆلار زیان بە ھەرێمی کوردستان گەیشتووە.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان جەختی کردەوە، لە لێدوانەکەی پێشوومدا کە وا بڵاو کرابووەوە گوایە رۆژانە 79ملیۆن دۆلار زیان بەر ھەرێمی کوردستان کەوتووە، لە راستیدا مەبەست ئەوە بوو کە زیانی پێنج رۆژ دەکاتە ئەو بڕەپارەیە، چونکە ئەوەی باس کراوە دەکاتە پارەیەکی ئێکجار زۆر؛ دیارە کە ئەم هەڵەیەیش لە هەڵەتێگەیشتنی نێوان من و ڕۆژنامەنووسەکەدا ڕوویداوە.
وەک (ھیڤا حاجی میرخان) ئاماژەی دا، ئەو زیانەی کە لە ئاکامی تەقاندنەوەی بۆریی نەوتەوە بەر ھەرێمی کوردستان کەوتووە، دەکاتە مووچەی مانگێکی وەزارەتی پەروەردە، یاخود پێنج تا شەش وەزارەتی دیکە.
رۆژی سێشەممە 16-2-2016 هەناردەكاری نەوتی هەرێمی كورستان لە رێگەی بۆرییەوە، بەهۆی هێرشكردنە سەری لە نزیك روحا لە باكووری كوردستان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ وەستا.
ئەگەرچی ڕاستەوخۆ ڕاینەگەیاندووە کە ئەوان بۆرییە نەوتەکەی هەرێمی کوردستانیان تەقاندبێتەوە، بەڵام كۆما جڤاكێن كوردستان KCK رایگەیاند، كە "دژی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و توركیان لەسەر هەناردەكردنی گازی سرووشتی بۆ توركیا و فرۆشتنی نەوت بە ئاكپارتی."
بڵند ئیبراھیم




