پەروەردە: ئەمساڵ ھەڵسەنگاندن بۆ مامۆستایان ناکرێت

ھەولێر-KDP.info- یەکەی سەرپەرشتیاری لە وەزارەتی پەروەردە دەڵێ، لەبەر قەیرانە دارایی و ئابورییەکەی ھەرێمی کوردستان، ئەمساڵ ھەڵسەنگاندن بۆ مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و دەستەی کارگێڕی ئەنجام نادرێت.
(جەلال ھەمزە کاکەشین) بەرێوەبەریی گشتیی یەکەی سەرپەرشتیاریی وەزارەتی پەروەرەدە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە کۆبونەوەی ئاسایی مانگانەی سەرجەم بەرێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگاکاندا، بەھۆی کێشەی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستانەوە و وەک ڕێزێک بۆ مامۆستایان کە لەم کاتەی کە بارگرانییەکی داراییان لەسەرە، ھەر بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆیان، بڕیارێکمان دەرکرد کە ئەمساڵ ھەڵسەنگاندن بۆ مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و دەستەی کارگێڕی ئەنجام نادرێت، چونکە پارەیەکی زۆری تیدەچێت، تایبەت بۆ ئەو گوندانەی کە دوورەدەستن".
(جەلال ھەمزە) گوتیشی: " تەنھا لە سەنتەری پارێزگاکان و قەزاکان پێویستە سەرپەرشتیاران بە شێوەی گرووپ و بەپێی پلانێکی داڕێژراو سەردانی قوتابخانەکان بکەن بە مەبەستی دڵنیابوون لە بەردەوامی خوێندن".
(کاکەشین) سەبارە بە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگا ناحکوومییەکانیش گوتی: "ئەم شوێنانە ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، چونکە بۆ ساڵێکی تری خوێندن پێویستە ھەڵسەنگاندنیان ھەبێت چونکە نوێکردنەوەی مۆڵەتیان بەگوێرەی ئەم ھەڵسەنگاندانە دەبێ."
فایزە پاڵانی




