سەفین دزەیی: دابەزینی نرخی نەوت شۆک بوو.. بە لیستی مووچەدا دەچنەوە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان دەكرێت.
(سەفین دزەیی) گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھۆكارەكانی دروستبوونی قەیرانی دارایی و ئابووریی وەها هێنایە بەر باس کە بارودۆخی عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لە بارودۆخێكی قەیرانئامێزدایە، هەلبەت ھەرێمی كوردستانیش كە بەشێكە لە عێراقی فیدڕاڵ و بێبەش نەبووە لە قەیرانەكان، بەڵام وەک (دزەیی) جەختی کردەوە، بەشێكیان بە بڕیاری سیاسیی تاكڕەوانەی (مالیكی) بوو لە ساڵی 2014ـدا کە بودجەی ھەرێمی كوردستانی بەبێ ھیچ پاساوێك بڕی.
(سەفین دزەیی) بۆ کوردستان24 گوتیشی، جیا لە قەیرانی دارایی، قەیرانی دیكەیشی هاتە سەر کە داعشە، ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە بە درێژایی 1050 كیلۆمەتر لە رووبەرووبونەوەدایە دژی ئەو ھێزە تیرۆریستە، ئەمەش وایكرد قەیرانەكە زیاتر قووڵ بكاتەوە.
گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نەیشاردەوە کە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیھاندا دووچاری شۆکی کردن و، "ھەموومان دەزانین داھاتی عێراق 96% پەیوەستە بە داھاتی نەوت، ھەرێمی كوردستانیش بە ھەمان شێوە داھاتەكەی پەیوەستە بەو بودجەی كە لە عێراقەوە بۆی داھات دواتر بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەوتی دەفرۆشت، ئەمانە ھەمووی كۆ بكەیتەوە بۆ ھەرێمێك لە ناو وڵاتێكی قەیرانئامێزی وەك عێراق، بێگومان دووچاری گرفت دەبێت و گرفتەكانیش ئاسان نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەسەرەتاوە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە ھەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لانی كەم بتوانێت نەھامەتیی ئەو بارگرانییەی لەسەر شانی ھاووڵاتیان و مووچەخۆران ھەیە كەمی بكاتەوە".
لە بارەی نەبوونی پلانی درێژخایەن و بەرنامەی حكوومەت بۆ رووبەڕووبونەوەی ھەر ئەگەرێك لە ماوەی رابردوو (سەفین دزەیی)، ئاماژەی دا: "پلان پێویستە ھەبێت، بەڵام تەنھا پلان لەسەر كاغەز بەس نییە، دەبێ ئیمكانییەت و میكامیزمیش ھەبێت، ئەوەی كە لە ھەرێمی كوردستان ھەبووە لە ماوەی رابردوو لە ساڵی 2003 بەو لاوە، ئەو داھاتە بوو كە وەك بودجە لە لایەن بەغداوە دەھات، ئەوەشیان زیاتر سلفە بوو نەك بودجە، چونكە لە بەغدا خۆیان دیاریان دەكرد چەند و جۆرەكانی خەرجی چەند بێت، بێ ئەوەی راوێژ بە پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكرێت، ھەروەھا ئەو بودجەیەی كە لە بەغداوە بۆ ھەرێمی كوردستان دەھات ساڵانە بە 36 جار دەنێردرا واتا ھەر مانگێ سێ جار دەھات، ئەوەی كە باسیش دەكرا 17% ھیچ كات ئەو رێژەیە نەبووە، ھی كاتێكیش مووچەی و خەرجی پێشمەرگەش لە بەغداوە نەدراوە، لەبەر ئەم ھۆكارانە ھەمووكات بودجەی ھەرێمی كوردستان ھەمیشە كورتھێنانی ھەبووە".
سەبارەت بە ھەنگاوەكانی چاكسازیی لە ھەرێمی كوردستان (سەفین دزەیی) ئاماژەی دا: "چاكسازیی كاتی دەوێت، چونكە پێشتر سیستمی بازاڕ ئازاد بووە، حكوومەت دەتوانێ بە ئاسانی رێنماییەكان بگۆڕێت، بەڵام بۆ گۆڕانكاریی لە بڕگە یاساییەكان كاتی دەوێت چونكە پێشتر بە یاسایەك رێكخراوە و لەم كاتەدا دەبێ پێداچوونەوەی پێدا بكرێت و لەگەڵ یەكتر بگونجێن".
لەم ھەڤپەیڤینەدا لە بارەی داواكاریی ھەندێك لایەنی سیاسیی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حكوومەت، (سەفین دزەیی) دەڵێت: "حكوومەت لە چەند ھێزێكی سیاسیی پێكھاتووە، پێویستە ھەموومان بەرپرسیارێتی ھەڵبگرین، راكردن لە بەرپرسیارێتی و تۆمەتباركردنی لایەنێكی دیاریكراو و موزایەدەی سیاسیی باش نییە لەو بارودۆخە، چونكە ھەموومان لەناو یەك كەشتیداین پێویستە ھەر یەكە و بە قەدەرخۆمان بەرپرسیارێتی ھەڵگرین، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە لە ھەمانكاتدا جێگری پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەگەر بە تەنھاش بێت لە بەرپرسیاریی راناكات، لە ھەمانكاتدا ھێزی دیكەشمان ھەیە لەگەڵ برادەرانی یەكێتیی بەڕێز كاك قوباد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران خۆیداوەتەبەر ئیشەكە و بە قەد سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران خۆی ماندوو دەكات و بەرسیاریی ھەڵدەگرێت، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی دیكەش بە ھەمان شێوەبن، ھەڵوەشاندنەوەی حكوومەت لە ئارادا نییە و حكوومەت كاری خۆی دەكات و بەردەوامیش دەبێت، ئەگەر رەخنە و پێشنیاریش ھەیە بۆ پێداچوونەوە ئاساییە ودەتوانین پێداچوونەوە بكەین".
دەربارەی پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان گوتەبێژی حكوومەت دەڵێ: "بە دلنیایەوە پێداچوونەوە دەكرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو داھاتەیە كە دێتە دەستمان، چونكە حكوومەت لەسەر ئەوە رێككەوتووە بە پێی داھاتی مانگانە مووچە دابەش بكات، بێگومان بەپێی داھات مانگانە پێداچوونەوە بە لیستی مووچە دەكرێت".




