٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە کێشەی کۆمەڵایەتی دێنە گۆ، کەچی لە تەقاندنەوەی لوولەنەوت بێدەنگن!

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆوئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، ئەوانەی لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دێنە دەنگ بۆ لەئاست تەقاندنەوەی لوولەنەوتی ھەرێم و ھەڕەشەکردن لە ڕاکێشانی لوولەی غازی ھەرێم بێدەنگن!

جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ وئاسایش لەپەرلەمانی کوردستان (نازم ھەرکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی ئەمڕۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانیش شانازیی پێوە دەکەن، ئەو ئاسایشەیە کە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ئەمەش لە سایەی ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستانەوەیە کە ھەموو پێکهاتە و ئایینێک بە ئارامی دەژین، لە کاتێکدا لە ھەموو سنوورەکانی ھەرێم داعش ھاوسنوورە."

جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆوئاسایشی کوردستان دەیشڵێ، بە داخەوە ھەندێک کەس و لایەن دەیانەوێ ئەو ئەمنیەتەی ھەرێم تێک بدەن و ھەرێمی کوردستان لەکەدار بکەن؛ جا با لێیان ب پرسم کە دەیانەوێت ھەرێم لەکەداربکەن کە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بەم شێوەیە دێنە دەنگ بۆ لەسەر تەقاندنەوەی لوولەنەوتی ھەرێم و ھەڕەشەی تەقاندنەوەی لوولەی غازی ھەرێم بێدەنگن و، ھیچ ھەڵوێستێکیان نییە! کە دەبێتە ھۆی بڕینی قووتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان.

(نازم ھەرکی) گوتیشی، گەورەکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکخۆشکردنە بۆ ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی گۆڕان لە میدیاکانیانەوە باسیان لەوە دەکرد لە ھەرێمی کوردستان گروپی توندوتیژی دروست دەبێت، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە ئەو گروپانەی ئەوان دروستیان کردووە لە ماوەیەکدا بکەونە کار و توندوتیژی دروست بکەن، بۆیەش ئێستا دەیانەوێت کێشەی کۆمەڵایەتی گەورە بکەنەوە و ڕێگا خۆش بکەن بۆ گرووپە توندڕەوەکانی خۆیان.

جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆوئاسایش ڕوونیشی کردەوە، ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ئەمنیەوە لە سایەی کارمەندانی ئاسایش و دەزگا ئەمنیەکانی دیکە ئارامە و بەو شێوەیەش بەردەوام دەبێت و، ھەر توندوتیژییەکیش بکرێت ئەوانە بەرپرسن لێی، ئاخر ڕێگەی میدیاکانیانەوە بانگەواز بۆ دروستکردنی گروپی توندوتیژی دەکەن و، دەیانەوێت ڕەوشی ئەمنیی ھەرێم تێک بدەن.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار