چالاكوانێكی سیاسی: باشترین قۆناغه بۆ ریفراندۆم.. ناكرێت بكرێته موزایه‌ده‌ی سیاسی

هه‌ولێر-KDP.info- چالاكوانێكی سیاسی رایگه‌یاند، هه‌موو ئه‌و قه‌یران و كێشانه‌ی ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن كاتینه و له ماوه‌یه‌كی زوودا تێپه‌ڕ ده‌بن، بۆیه پێویسته ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا بقۆزینه‌وه بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆم، چونكه كه‌س به دیاری ده‌وڵه‌تی كوردستان‌مان پێشكه‌ش ناكات.
(له‌یلا عه‌بدوالجه‌بار) چالاكوانی سیاسی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هه‌موو ئه‌و قه‌یران و كێشانه‌ی ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن كاتینه و له ماوه‌یه‌كی زوودا تێپه‌ڕ ده‌بن، بۆیه پێویسته ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا بقۆزینه‌وه بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆم، چونكه كه‌س به دیاری ده‌وڵه‌تی كوردستان‌مان پێشكه‌ش ناكات، بۆیه پێویستمان به ئیڕاده‌یه‌كی یه‌كگرتوو هه‌یه له ناوخۆی وڵات.
(عه‌بدوالجه‌بار) گوتیشى: "گه‌لی كوردستان پێی ناوه‌ته قۆناغێكی باش، (سه‌رۆك بارزانی)ش له كۆنگره‌ی ئاسایشی جیهانی میونشن، زۆر به ڕوونی به وڵاتانی جیهانى راگه‌یاند كه هه‌رێمی كوردستان مافی خۆیه‌تی بڕیار له باره‌ی گشتپرسی بدات و كه‌س ناتوانێت بڕیاردان له‌سه‌ر ئایینده له هه‌رێمی كوردستان زه‌وت بكات، ئه‌وه‌ش په‌یامێكه بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته ڕێگر له به‌رامبه‌ر به خه‌ونی گه‌لی كوردستان.
(له‌یلا) ده‌شڵێت، ئێستا باشترین قۆناغه بۆ ئه‌وه‌ی كورد ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌نجام بدات، كه سه‌دان ساڵه له‌و پێناوه‌دا خه‌بات ده‌كات و، له ئێستادا خه‌ریكه كورد ده‌گاته ئاواته‌كه‌ی، بۆیه ناكرێت هیچ لایه‌نێك ئه‌وه وه‌ك گوشارێك به‌كار بێنێت و بیكاته موزایه‌ده‌ی سیاسی، چونكه ئه‌و كاره پێچه‌وانه‌ی خواستی گه‌لی كوردستانه.
ئه‌و چالاكوانه سیاسیه زیاتر گوتى: "ئه‌گه‌ر له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش كێشه هه‌بێت، پێویسته ڕیفراندۆم تێكه‌ڵی ئه‌و كاره نه‌كرێت و هیچ لایه‌نێك وه‌كو كارتێك بۆ خۆی به‌كاری نه‌هێنێت، چونكه ئه‌مه پرسێكی نه‌ته‌وه‌ییه و خواستی هه‌موو كوردێكه له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا.
رابین شێروانی




