فڕۆکە تورکەکان ناوچە سنوورییەکانی هەرێمیان بۆردومان کرد
__2016_02_18_h21m26s41__HK.jpg)
ئامێدی-KDP.info- جارێكی دیكى چەند فڕۆكەیەكی جەنگی توركیا ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان سیدەكان و ئاكرێ و ئامێدیان بۆردوومان كرد، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی بە دواوە نەبووە، كە تا ئێستایش بۆردوومانەكان بەردەوامن.
(كاروان كەریمخان) بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "بە بیانووی لێدانی پەكەكە، چەند ڕۆژێكە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ناوچەی كەوەرتێ، گەلی موغاری و، چیای خواكوڕك و چەند ناوچەیەكی دیكەی دەڤەری سیدەكان بۆردومان دەكات؛ ئەوەتا تۆزێک لەمەوبەر دیسان ئەو ناوچانە بۆردومان كرانەوە؛ ئەو ناوچانەدا بنكە و بارەگای پارتی كرێكارانی كوردستانی لێیە، بۆیە توركیا ئەو ناوچانەیان كردووەتە ئامانج."
گوتیشی: "لەبەر پەكەكە، توركیا بەردەوام گوند و ئاواییەكانی دەڤەری سیدەكان بۆردومان دەكات، ئەوەیش دڵەڕاوكێ و ترسی خستووەتە دڵی خەڵکی ناوچەكەوە."
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان دەیشڵێ، شارەدێی سیدەكان ٢٥٠ گوند لەخۆ دەگرێت، لەبەر بنكە و بارەگای پەكەكە و، هێرشی تورکیا، ١٠٠ گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە پێش كەمێك چەند شوێنێك لە سنووری شارۆچكەی ئاكرێ و ئامێدی بۆردومان كران، كە تا ئێستایش بۆردومانەكە بەردەوامە.
ڕابین شێروانی




