ئۆجەلان: هیچ كاتێك وەك ئەمڕۆ كێشەی كورد لە جیهان نەچووەتە پێشەوە

هەولێر -KDP.info- سیاسەتمەدارێكی كورد، ڕادەگەیێنێت، داواكارم هەموو لایەنەكان لە كۆبوونەوەی داهاتووی سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان بەشدار بن بۆ ئەوەی كێشە ناوخۆییەكان چارە بكرێن و، گەلی كورد خۆ ئامادە بكات بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، چونكە برێتی دیالۆگ و گفتوگۆ، هەر دیالۆگ و گفتوگۆیە.
)عوسمان ئۆجەلان) سیاسەتمەداری كورد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێستا جیهان خۆی بۆ دامەزرانی دەوڵەتێكی كوردی ئامادە دەكات، بەتایبەتی وڵاتە زڵهێزەكانی جیهان، وڵاتانی جیهان پێشوازی لە سەربەخۆیی كوردستان و دەوڵەتی كوردستان دەكەن، جا با لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی كوردستان چاو لە وڵاتانی جیهان بكەن، كە ئەوان چۆن و بە چ شێوەیەك پێشوازییان لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە، ئەوانیش بە هەمان شێوە پێشوازی لە (سەرۆك بارزانی) و داواكارییەكانی بكەن، بۆ ئەوەی گەلی كورد لەو قۆناغەدا بە ئاواتەكانی خۆی بگات، چونكە هیچ كاتێك وەك ئەمڕۆ كێشەی كورد لە جیهان نەچووەتە پێشەوە، بۆیە ئەگەر گەلی كورد لەو كات و ساتەدا كە ١٠٠ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕێككەوتنی سایكسپیكۆ، ڕیفراندۆم نەكات و بە خەونە مێژینەی خۆی نەگات، زۆر زەحمەتە جارێكی دیكە دەرفەتێكی لەو شێوەیە بۆ گەلی كورد بێتە پێشەوە."
گوتیشی: "پێویست بوو ئەو لایەنانەی بەشدار نەبوون لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان بەشدار بووانە، چونكە بەدیلی دیالۆگ و گفتوگۆ، هەر دیالۆگ و گفتوگۆیە، بۆیە پێویست بوو ئەوانیش بەشدار بووایەن و هەر شتێك لە دڵیاندا ماوە لەو كۆبوونەوەیە باس كرابایە، نەك لە پشتی پەردە باسی شتی دیكە بكەن، بۆیە هیوادارم ئەو لایەنانە لە كۆبوونەوەی داهاتووی لە نێوان سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان بەشدار بن، بۆ ئەوەی كێشە ناوخۆییەكان چارەسەر بكەن و گەلی كورد خۆی ئامادە بكات بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی."
رابین شێروانی




