"هەرێم دەیەوێ لە بەنداوی مووسڵەوە کارەبا وەرگرێ"

هەولێر-KDP.info- بۆ سوودوەرگرتن لە كارەبای بەنداوی مووسڵ كۆبوونەوەیەك لەنێوان وەزارەتی كارەبا و جێگری سەركونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر بەڕێوە چوو؛ جێگری سەركونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر ڕایگەیاند، بەپێی توانا هاوكاریی وەزارەتی كارەبا دەكەن بۆ سوودوەرگرتن لە كارەبای بەنداوی مووسڵ.
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ (18/2/2016) لە ڕاگەیێندراوێكدا، ڕایگەیاند، ئاشتی هەورامی وەزیری كارەبا بە وەكالەت، بە ئامادەبوونی هۆگر شاڵی، بریكاری وەزارەت پێشوازیی لە ڕۆی پێرین، جێگری سەركونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و شاندی یاوەری كردووە.
بەپێی ڕاگەیێندراوەكەی وەزارەتی كارەبا، ئامانجی سەردانی شاندە ئەمریكاییەكە "بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە كارەبای بەنداوی مووسڵ و كەمكردنەوەی مەترسیی بارگرانی لەسەر بەنداوەكە بووە".
وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاندووە، جێگری سەركونسوڵی ئەمەریکا ئەو كارانەی تیمی وەزارەتی كارەبای پێ خۆشە لە بەنداوی مووسڵ، بە تایبەتی گەیاندنی كارەبا بۆ ناوچە ئازادكراوەكانی دەشتی نەینەوا."س
بەپێی ڕاگەیێندراوەكە، ئاشتی هەورامی داوای لە شاندەكەی ئەمریكا كردووە، پاڵپشتی ماددی وەزارەتی كارەبا بكەن بۆ دامەزراندنی وێستگەیەكی گەڕۆگ لە نزیك بەنداوی مووسڵ. "ئامادەیی وەزارەتیشی نیشان دا بۆ پێشكەشكردنی هەموو هاوكاری و ئاسانكارییەك لە پێناو پتەوكردنی پەیوەندیەكان و كارئاسانی بۆ هاتنی كۆمپانیا ئەمەریكاییەكان."
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هۆگر شاڵی، بریكاری وەزارەتی كارەبا باسی لە وردەكارییە تەكنیكیەكانی چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لەبەنداوی موسڵ و هەوڵەكانی وەزارەتی كارەبا كرد بە پێدانی كارەبا بەو ناوچانەی كە لەژێر دەستی داعش ئازاد كراون؛ هەروەها چەند پرۆژەیەكی نوێی پێشكەش بە شاندی ئەمریكا كرد تاوەكو بەپێی توانا هاوكاریی ماددییان بكرێت لەپێناو خێرا جێبەجێكردنیان.
وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاندووە، جێگری سەركونسوڵی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لە نزیكەوە گوێبستی وردەكارییە تەكنیكییەكان و داواكارییەكانی وەزارەت بوو، لەو چوارچێوەیەشدا بەڵێنیداوە داواكارییە ماددییەكان بۆ دانانی وێستگەیەكی مۆبایل بۆ سەرووی خۆیان بەرز بكەنەوە.
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاندووە، توانیویەتی بە سوودوەرگرتن لە بەنداوی مووسڵ كارەبا بگەیێنێتە ناوچەیەكی فراوانی ئازادكراو لە دەشتی نەینەوا؛ هاوكات چەند پرۆژەیەكی نوێی لەبەردەستدایە بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی سەر بەنداوەكە و سوودوەرگرتن لە بڕە كارەبای بەرهەمهاتووی بەنداوەكە.




