٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هانی پسپۆڕانی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەدات بایەخ بە کورد بدەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  زیاد ڕەئوف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا، لە نووسینگەی نوێنەرایەتی لە وارشۆ کۆبوونەوەی ئەنجام دا  لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵێك سەنتەر و ئینستیتیوتی توێژینەوە و ئەو ڕێکخراوانەی کە کار دەکەن لەسەر پرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. کۆبوونەوەکە ١٣ پسپۆڕ و شارەزای سیاسەت و ڕامیاری  و ئاسایشی لێ بوو؛ زۆربەیان بە تایبەت لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکەن.

 

دیدارەکە بە خوانێکی سادە دەستی پێکرد بۆ یەکتر ناسین، تیایدا گفتوگۆی دووقۆڵی لە نێوان پسپۆڕان و کارمەندانی نووسینگەی نوێنەرایەتی ئەنجام درا، هەروەها ئاشنایەتییان پەیدا کرد لەگەڵ نوێترین پەرتووك بەناونیشانی: "بەمیرات گرتنی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییە دووقۆڵییەکان و ئەگەری سەربەخۆیی کوردستان". زیاد ڕەئوف نوێنەری حکوومەتی هەرێم بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و لە وتەکەیدا هۆکاری بانگهێشتکردنی پسپۆڕانی بۆ نوێنەرایەتی  خستە ڕوو کە گرنگترینیان ئەوانەن: "پسپۆڕان بەردەوام توێژینەوە و بابەت ئامادە دەکەن  بۆ دامودەزگا سیاسی و زانستییەکان، بەردەوام بەشداری دەکەن لە  کۆنفرانس و پانێڵ و زۆر بانگهێشت دەکرێن بۆ میدیاکان بۆ پێدانی ڕاوبۆچوونی خۆیان لەسەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئامانجی نوێنەرایەتی حکوومەت لەو کۆبوونەوەیە ئەوە بوو کە هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی هەموو پرسە گرنگەکانی ئەو ناوچەیە و کوردستان بزانن.

 

دواتر نوێنەری حکوومەت زانیاری تێروتەسەلی بۆ پسپۆڕان خستە ڕوو لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق، جەنگی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستان و هەروەها قەیرانی مرۆیی کە بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی ئێجگار زۆری ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان دروست بووە. هەروەها بیری هێنانەوە، کە بڕینی بەشە بودجەی ڕەوای هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە.

زیاد ڕەئوف داوای لە توێژەران کرد، کە لە کاتی هەواڵ و زانیاری دان لەبارەی قەیرانی مرۆیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیشك بخەنە سەر هەرێمی کوردستان و  پێداویستییەکانی لە  زیادکردنی هاوکاری مرۆیی لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. هەروەها هاوکاری بکەن لە دووبارە بنیادنانەوەی ئەو شارانەی کە داعش وێرانی کردوونە و، هێزی پێشمەرگە ئازادیانی کردووە. جگە لەوەش ئاماژە بدەن بە گرنگیی یارمەتیدانی پێشمەرگە بە چەك و تەقەمەنی و مەشق لەو جەنگە پڕمەترسییەیان لە دژی تیرۆریستان. نوێنەری حکوومەت هەروەها ئاماژەی دا بە ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گرتنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی.

 

دوای وتارەکەی، زیاد ڕەئوف وەڵامی پرسیاری میوانەکانی دایەوە. پسپۆڕان زۆر بەبایەخ بوون بۆ قوڵترکردنەوەی زانیارییان لەبارەی ڕووداوەکانی هەرێم و ناوچەکە. پرسیارییان لەوانە لەبارەی هەڵوێستی تورکیا کرد لەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و ململانێ لەگەڵ پەکەکە، لەسەر شێوازەکانی لەناوبردنی داعش و پەیوەندی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ ئیران، ئاسۆکانی فرۆشتنی نەوت و گازی کوردستان و هەروەها هەلومەرجەکانی هاریکاری نێوان پۆڵۆنیا و کوردستان. دەربارەی ئەو هەموو پرسانە زیاد ڕەئوف هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕوون کردەوە. 

 

لە کۆتاییدا هانی لێکۆڵەران و پسپۆڕانی پەیمانگا و سەنتەرەکانی توێژینەوە درا بۆ وەرگرتنی نیوزلێتەر newsletter   نووسینگەی نوێنەرایەتی لە پۆڵۆنیا. زیاد ڕەئوف هەروەها پێشنیاری کرد کە ڕاپۆرتی جێبایەخ و نیوزلێتەری گرنگترین سەنتەری توێژینەوەکانی کوردستان وەکو MERI  بۆ نموونە وەربگرن و سوودی لێ ببینن.

 دیدارەکە ڕاستەوخۆ لە لایەن ئامادەبووان لە تویتەر بابەتی لەسەر بڵاو کرایەوە و هەروەها نوێنەری حکوومەت بانگهێشت کرا بۆ بەشداری لە کۆنفرانسێك لەسەر سەد ساڵەی واژۆکردنی ڕێكکەوتننامەی سایکس‌پیکۆ کە بەو نزیکانە لە زانکۆی لۆج (Łódź)دادەبەسترێت.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار