د. محەمەد ئەحمەد: ئەگەر بەغدا نیەتی پاکە، با بوودجەکەمان بۆ بنێرێت

هەولێر-KDP.info- یاریدەدەری ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی کودستان ئاماژە بەوە دەکات ئەوان داوای گەرەنتی دەکەن لە بەغدا، ئاخر کار هەر بە قسە ناکرێت.
(د. محەمەد ئەحمەد) یاریدەدەری ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەهۆی ئەو سلوک و مامەڵەی لەنێوان هەولێر و بەغدا ڕووی داوە؛ بۆشاییەکی سیاسی لەنێوانیاندا دروست بووە، ئێستاش بەڵکو گۆڕانکاری لە بۆچون و مامەڵەکان دروست بووبێت، بەڵام ئێستا هەرێمی کوردستان زۆر پێویستی بەوەیە کە گەرەنتی نێودەوڵەتی وەربگرێت لەوەی بەغدا دەیەوێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات."
گوتیشی: "ئەو دەوڵەتانەی دەهۆڵمان بۆ لێ دەدەن کە دەبێت ئێمە لەگەڵ بەغدا بین با بفەرموون گەرەنتی ئەوە بکەن کە ئەم ڕێکەوتنانە ڕێکەوتنی واقعییە و بەرهەمی دەبێت، نەک هەر قسە بێت؛ دەبێت بەغدا بە پراکتیکی هەڵوێستی خۆیان دەربخەن، ئەو کاتەش ئێمەش ئاساییە نەوت بدەینە بەغدا چونکە ئێمە بۆیە نەوت دەفرۆشین تا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە ئاسودە بژین".
گوتیشی: "دەکرێت گەرەنتی نێودەوڵەتی بدرێت بە کورد بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە بەغدا نیەتی پاکە، یان با بەغدا ئەگەر ئامادەیی تێدایە با پارەکەمان بۆ بنێرێت ئێمەش دڵنیایان دەکەین کە نەوتەکەیان بۆ دەنێرین".
کارزان سەباح




