سەرۆکی حکوومەت وەڵامی عەبادی و پهكهكهیشی دایهوه

هەولێر-KDP.info- لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، سەرۆکی حکوومەت ڕوونکردنەوەی لەسەر دۆخی سیاسیی کوردستان و پرسی ئابووری دا و، راشیگهیاند، لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر پرسی بودجە، بۆ تێکدانی بارودۆخی کوردستان بووە.
ئەمرۆ (18\2\2016)، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەو قسانەی (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندنەکاندا کردنی، کارێکی خراپ بووە و دەکرا لە کۆبوونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، یان لە کۆبوونەوەکەی (عەبادی) و (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن بکرایە.
سهرۆكوهزیران گوتیشی: ''پێمانوایە قسەکانی (عەبادی) بۆ ورووژاندنی دۆخی کوردستان بووە، ئێستایش ئەگەر بەغدا شایستە داراییەکانمان پێ بدات کە خۆی لە نزیکەی 800 ملیار دیناردا دەبینێتەوە، ئێمە دوودڵ نین لە ڕادەستکردنی نەوت بە بەغدا.''
هەر لەو لێدوانەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیاری چاکسازی ڕایگەیاند، چاکسازییەکان بەردەوام دەبن، بەڵام لە شەو و ڕۆژێکدا ئەنجامەکەی دەرناکەوێت، چونکە پرۆسەیەکی درێژە و دەبێت ڕیشەیی بێت.
سەبارەت بە مووچەش گوتی: ''کەموکورتی لە خشتەی نوێی مووچە هەیە، بەڵام ئێمە بەپێی داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاری لەو خشتەیەدا دەکەین، بۆ نموونە شێوازی خشتەی مووچە لە مانگی 1 بۆ مانگی 2 جیاوازی تێدا کراوە و بەپێی ئەولەویەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستکاری خشتەکە دەکرێت، چونکە پێمانوایە ئەولەویەتی ئێستا، هێرشەکانی داعش و دابینکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانە.''
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا (نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی کردەوە، سەرجەم پڕۆژەکان بە سینگفراوانییەوە وەردەگرن و ئەوەی جێبەجێ بکرێت، ئەوا بە جیددی وەری دەگرن.
هاوکات لەبارەی هەڕەشەکانی پەکەکەوه بۆ تەقاندنەوەی بۆرییە گازەکەی هەرێمی کوردستان، گوتی: ''لێدوانەکەی پەکەکە درووست نییە، ئەمە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، چاوەڕێ نەبووین پەکەکە دژایەتیی ئەم پرۆسەیە بکات، چونکە ئەم پرۆسەیە بە قووتی خەڵکی کوردستانەوە بەندە، دواتر پرۆسەی هەناردەکردنی گازی سرووشتی لە ڕووی عەمەلییەوە دەستی پێ نەکردووە، بۆیە ئەمە پرسێکە پەیوەندی بە ناوخۆی کوردستانەوە هەیە و، دەبێت پەکەکە دەستتێوەردان نەکات، قەبووڵیشی ناکەین و لە بەرژوەندیی ئێمە و ئەوانیشدا نییە.''
كارزان ههورامی




