''خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە پەکەکە قه‌بووڵ ناکەن''

ھەولێر-KDP.infp- گوتەبێژی پەکەکە ده‌ڵێ، رێگە نادەن بۆریی غازی ھەرێمی کوردستان بکێشرێته توركیا و رێگری لێ دەکەن؛ پەرلەمانتارێكیش پێیوایه كه، ھەرەشەکانی پەکەکە بۆ سەر قوتی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، کە ئەمەش لەلایەن کوردستانیانه‌وه قه‌بووڵ ناکرێت.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان (نازم ھەرکی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ئەو ھەڕەشانەی پەکەکە دژی بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانە و، ئەوە نیشان دەدات کە ئەوانە دژی کوردن و ئەمەش زۆر بە گرانی لەسەر سیاسەتی پەکەکە دەوەستێت، ئاخر ئەمە ھەڕەشەیه بۆ برینی قوتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و، دیاره كه ده‌یانه‌وێ قەیرانی هه‌رێمی كوردستان قووڵتر بکەنەوە.''
(نازم هه‌ركی) باوه‌ڕی وایه كه، ئەگەر پەکەکە پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیدا نەکات و واز لەم ھەڕەشانە نەھێنێت، خەڵکی ھەرێمی کوردستان لێیان قه‌بووڵ ناکەن و بێدەنگ نابن، چونکە ئەمە پەیوەندیی بە ژیانی ھەر تاکێک لە ھەرێمی کوردستانه‌وه ھەیە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونی کردەوە، ئەو بۆرییە غازەی بڕیار وایه هه‌رێمی كوردستان و تورکیا پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه، مڵکی لایەن و پێکھاتەیەک نییە، بەڵکو پشکی ھەر تاکێکی ھەرێمی کوردستانی تێدایە.
(هه‌ركی) ده‌ڵێ، ئەوانە(په‌كه‌كه) کە بیانوو دەھێننەوە گوایه لە بەرژه‌وەندیی تورکیادایە، ئەمە بە ھیچ شێوەیەک راست نییە، چونکە ھەرێم بۆ بەرژه‌وەندی ھاووڵاتیانی خۆی ئەو کارە دەکات نەک بۆ تورکیا. له راستیدا ئه‌وان ده‌بێ یان له نه‌زانیی سیاسییانه‌وه یاخوود بۆ قووڵتركردنه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی هه‌رێم ئه‌م هه‌ڵوێسته نیشان بده‌ن، كه دواجار خزمه‌ته به به‌رژه‌وه‌ندیی ناحه‌زانی كوردستان.
(نازم ھەرکی) جه‌ختی كرده‌وه، ئەو ھەڕەشانەی پەکەکە لە ھەرێمی کوردستانی دەکات، تەنھا لە بەرژه‌وەندیی حکوومەتی عێراقدایە کە دژایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکات و، لەگەڵ ئەوەدا نییە ھەرێم نەوت و غازی خۆی بۆ دەرەوە ھەناردە بکات، بۆیە کاری پەکەکە کارێکی دوژمنکارانەیە بۆ کورد.
بڵند ئیبراھیم




