حكوومهت وەڵامی راپۆرتێكی یوئێنی دایهوه

رۆژی 16ی شوباتی 2016، نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکراوەیەکیان سەبارەت بە رەوشی ژمارەیەک عەرەبی سڤیلی ناوچەی شنگال بڵاو کردووەتەوە؛ تێیدا باس لەوە دەکەن کە 559 هاووڵاتی عارەبی سوننە لە ناوچەی شنگال لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش گیریان خواردووە و، لە 4ی شوباتەوە خۆراک و ئاویان پێنەگەیشتووە. هەر لەمبارەوە، (رۆبێرت کۆلڤیلی) گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەگوێرەی ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتیانەی سەبارەت بە ناوچەکە بڵاو دەکرێنەوە پێشمەرگە رێگە بەم خەڵکە سڤیلە نادات بڕۆنە ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدایە، (کۆلڤیلی) داوا لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بەدواداچوون لە راستی ئەو هەواڵانە بکات و ئەگەر درووستە ژیانی ئەو خەڵکە سڤیلە بپارێزێت کە لەم نێوەندەدا گیریان خواردووە.
(دیندار زێباری) سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەمبارەوە روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و دەڵێت، حکوومەتی هەرێم بە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانیەوە پابەندە بە پرهنسیپ و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە کاتی جەنگدا و، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین خولی راهێنان و هۆشیارکردنەوە بە هێزەکانی پێشمەرگە دراوە، سەبارەت بەم راپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دووپاتی دەکەینەوە کە، حکوومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونی جیددی بۆ رەوشی ئەو ناوچانە و هاتنی بەردەوامی خەڵکی سڤیل دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت بەو ئەرکە مرۆییە هەڵسێت بە لەبەرچاوگرتنی تەحەدیاتی ئەمنی، ئەگەر هەندێک کەیسی تایبەتیش هەبێت ئەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی رێگاچارەن بۆ مەبەستی هاوکاریی ئەو هاووڵاتیانەی کە پێویستیان بە یارمەتیدانی پێشمەرگە هەیە".
لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی شنگال و دەوروبەری، ناوچەکانی کەرکووک، مووسڵ، تەلەعفەر، گوێڕ و مەخموور رێگەیان بە هەزارن هاووڵاتی عەرەبی سوننە داوە کە بێنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەوە و هەموو خزمەتگوزارییە پێویستەکانیان بۆ دابین کردوون، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا بەهۆی هۆکاری ئەمنی و رەوشی ئەمنی ناوچەکە، پێشمەرگە دووچاری گیروگرفت و ئاستەنگی ئەمنی بووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، نیگەرانیی هێزەکانی پێشمەرگە لەمبارەوە دزەکردنی ژمارەیەک لە چەکدارانی داعشە بۆ ناوچەکانی پێشمەرگە لەگەڵ ئەو بنەماڵە عارەبە سوننانەی کە لێرەدان، بۆ نموونە چەندین بنەماڵەی عارەب هەن کە دەکەونە ناوچەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش لە ناوچەی شنگال، لێرەدا هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێم لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بەتایبەتی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە خاچی سووری نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان لە رووی دابینکردنی خزمەتگوزاری و داوایان لە خاچی سوور کردووە کە کار بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەی ئەو خەڵکە، لەبەرئەوەی خەڵکێکی زۆری ناوچەکانی دەوروبەری مووسڵ و تەلەعفەر پێشوازییان لێ کراوە و، مەترسی ئەوەش هەیە داعش دزەی کردبێتە نێوانیان، چونکە ئەم ناوچانە شەڕی زۆریان تێدا رووداوە و ئەگەری ئەوە هەیە خەڵکەکەی بە ناچاری هاوسۆزییان بۆ داعش هەبێت.سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام پێشوازییان لەو خانەوادە عەرەبانە کردووە کە روویان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە و سەرەڕای سەختی بارودۆخی ئابووری، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم هەوڵیان داوە پێداویستییە سەرەکییەکانیان بۆ دابین بکەن، تەنانەت پێش ئەوەی ئەم خانەوادە عارەبانە بگەنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم، هێزی پێشمەرگە یارمەتیداون، سەرەڕای هەموو ئەمانەش هەرچەندە زۆر لە خانەوادەکان کەتوونەتە هێڵی تەماس، بەڵام دەزگا خێرخوازییەکان لەوانەش دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرباری مەترسییەکان، هاوکاری گەیاندۆتە هێڵەکانی تەماس و لەگەڵ رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیدا وەک لایەنی سێیەم لە هەماهەنگیدا بوون لە بەرەکانی جەنگ بۆ ئەوەی هاوکاریان بن و، داواشیان لێ کراوە کە دڵنیایی بدەنە ئەو خانەوادانەی کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی داعشدا ماون بۆ ئەوەی روو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم بکەن و گومانیان نەبێت لەوەی سەر و ماڵیان پارێزراو دەبێت.
لە روونکردنەوەی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە کە، بەشێک لەو خەڵکانە کەتوونەتە هێڵەکانی تەماسهوه کە شەڕی تێدا روو دەدات و مین و خەندەقیشی لێیە و لە پشتەوەی ئەو خەڵکە، تیرۆریستانی داعشی لێیە ئەمەش رێگرە لەبەردەم ئەوەی کە خاچی سوور و رێکخراوەکانی دیکە بتوانن سەردانیان بکەن و دڵنیا ببنەوە لەوەی کە هاتوچۆی داعش ناکەن، یاخود زانیاری لە نێوانیاندا ئاڵۆگۆڕ ناکرێت. هەروەها داعش وەک تاکتیکێکی سەربازی هەوڵ دەدات بزانێت لە چ خاڵێکەوە دەتوانێت سەنگەرەکانی پێشمەرگە ببەزێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بە سەدان خانەوادەش روویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە و، دوای ئەوەی دڵنیا بوون لەوەی کە لە رووی ئەمنییەوە مەترسی نین لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە، بەوپەڕی رێزەوە پێشوازییان لێ کراوە و ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵیش لەو رووەوە ئاگاداری رەوشی هێڵەکانی تەماس و ئەو تەحەدیانەیە کە رووبەرووی دەزگا ئەمنییەکان دەبێتەوە.سەبارەت بە سنووری میحوەری کەرکووک (زێباری) گوتی: "خەڵکێکی زۆر لە هاووڵاتییە عەرەبەکان بەتایبەتی عەرەبەکانی حەویجە روویان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە، هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام پێشوازییان لێکردوون. ئەم خانەوادانە بە رێگای جۆراوجۆر و لە رێگای هێڵەکانی تەماسەوە هەوڵ دەدەن بێنە ناوچەکانی پێشمەرگە، ئەمەش مەترسییەکی زۆر لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە درووست دەکات، چونکە لە رووی ئەمنییەوە ناکرێت پێشمەرگە سەنگەرەکانی خۆی بکاتەوە".
بە پشتبەستن بە چەندین سەرچاوەی ئەمنیی سنووری میحوەری کەرکووک، (زێباری) گوتی: "هێزەکانی پێشمەرگە چەندین تیرۆریستیان دەستگیر کردوون کە هەوڵیان داوە لە رێگای خەڵکەوە بێنە ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگەوه، هەروەها داعش لە دوورەوە چاودێریی ئەوان دەکات کە لە رێگای سەنگەر و هێڵەکانی تەماسەوە دێن". هەر بۆیە بەرپرسە ئەمنییەکان پێشنیازی ئەوە دەکەن کە یوئێن و رێکخراوەکانی دیکە هاوکار بن لە پاراستنی ئەم خەڵکە و کەمپیان بۆ بکەنەوە بۆ نیشتەجێبوونیان و یارمەتییان پێشکەش بکەن، چوونکە ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان روویان لە شارەکان کردووە ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لە هەموو روویەکەوە درووست کردووە، بەڵام لە کەمپەکاندا کۆنتڕۆڵکردنیان ئاسانتر دەبێت.سەبارەت بە ئاوارەکانی ناوەڕاستی عێراق، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: "پێشوازیمان لە سەدان خانەوادەی عارەب کردووە کە روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو و پاش ئازادکردنەوەی، بۆ نموونە تکریت. بەشێکی زۆری ئاوارەکانی تکریت گەڕاونەتەوە و لەسەر رێگای لەیلان و نزراوە دوو کۆمەڵگا هەن کە لە ئێستادا ئاوارەی تێدایە کە هەموویان پێشتر دانیشتووی حەویجە بوون، بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکان دەتوانن بێن سەردانیان بکەن بۆ بە دواداچوونی راستییەکان و، بۆ ئەوەی بزانن کە تا چ رادەیەک هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکوومەتی هەرێم هاوکار بوون لە حەوانەوە، نیشتەجێبوون و پاراستنی ئەم خەڵکە سڤیلە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە".
بەڵام پێویستە ئەمە روون بکرێتەوە بۆ ئەو خەڵکەی لە هێڵەکانی تەماسەوە هەوڵ دەدەن روو لە هەرێم بکەن، کە لە زۆربەی ئەم ناوچانەدا خەندەق و ئاو هێزەکانی پێشمەرگە و داعش لە یەکدی جیا دەکاتەوە، هەروەها ناوچەکەش مینڕێژکراوە بۆیە زەحمەتە بتوانرێت وەکو پێویست لەو خاڵانە بە شێوەیەکی ئاسایی بەبێ ئاستەنگ پێشوازی لەو ژمارە زۆرە لە خەڵکی مەدەنی بکرێت، پێش ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە داعش دزەی نەکردووەتە نێوانیان و لە رووی زانیاری و هەواڵگرییهوه داعش سوود لە رەوشەکە وەرناگرێت.
لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە لە هەموو میحوەرەکان پێشمەرگە بهپێی رێنماییەکان پێشوازی لە خەڵکی (سڤیل) کردووە و بەدواداچوونی خۆی هەبووە بە گوێرەی میحوەرەکان و بەرەکانی جەنگ، چونکە بە هۆی پێکهاتەی دیمۆگرافی و جوگرافیای ناوچەکان هەر میحوەرێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە.سەبارەت بە هەندێک حاڵەت کە گوایە ئاستەنگی ئەمنی لەپێشیانە و دەیانەوێت بگوازرێنەوە بۆ ناوچە ئارامەکان، لێرەدا دووپات دەکەینەوە مەترسیی کاردانەوە لەسەر ئاستی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەنێوان پێکهاتەکاندا هەیە، بەتایبەتی کە بەشێک لە خەڵکی ئەم ناوچانە لە پرۆسەی جینۆسایدی ئێزدییەکانەوە گلاون، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کاری تۆڵەسەندنەوە روو بدات لەلایەن گرووپە توندڕۆکانەوە و ئەگەری هەیە ئەم هەلە بقۆزنەوە لە تێکەڵبوونی خەڵکەکە بەتایبەتی لەم قۆناغەدا کە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدارە لەسەر ئاستی پێکهاتەکان.
ژمارەى گشتیى ئەو گوندانەى کە دەکەونە باکوور و باشوورى چیاى شنگال، (197) گوندن کە پێکهاتەکانیان بەم شێوەیەیە (باکوورى چیاى شنگال) گوندە کورد وعارەبنشینەکان ژمارەیان(59) گوندە کە (35) گوندیان گەڕاونەتەوە شوێنەکانى خۆیان. بەڵام (23) گوند بەهۆی خراپیی رەوشی ئەمنی دانشتووانەکەى نەگەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. سەبارەت بەو گوندە عەرەبنشینانەی کە دانیشتووانەکانیان لە دژى پێشمەرگە وەستاون و شەڕیان کردووە، ژمارەیان (26) گوندە. (باشوورى چیاى شنگال) گوندە کورد و عارەبنشیناکان ژمارەیان (32) گوندە کە (20) گوندیان گەڕاونەتەوە شوێنەکانى خۆیان. بەڵام (12) گوند بەهۆی خراپیی رەوشی ئەمنیی دانشتووانەکەى نەگەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. سەبارەت بەو گوندە عارەبنشینانەی کە دانیشتووانەکانیان لە دژى پێشمەرگە وەستاون و شەڕیان کردووە ژمارەیان (80) گوندە.




