٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: ئەرکی ئەمڕۆی ڕێکخراوی قوتابیان لە هەر قۆناغێکی دیکە گرینگتر و هەستیارترە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- له‌ په‌یامیدا له‌ ساڵیادی ڕێكخراوی قوتابیانی كوردستاندا، (نێچیرڤان بارزانی) رایگه‌یاند، ئەرکی ئەمڕۆی ڕێکخراوی قوتابیان لە هەر قۆناغێکی دیکە گرینگتر و هەستیارترە، بە تایبەت لە ڕووی بەرزکردنەوەی ئاستی زانست و کارکردن بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی و نەتەوەیی.

ده‌قی پەیامی پیرۆزبایی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانەوە.


بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکیتیی قوتابیانی کوردستان،

سڵاوی خەبات و تێکۆشان،

بەبۆنەی شەست و سێهەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی "یەکێتی قوتابیانی کوردستان" گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆتان و یەکە یەکەی ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان دەکەین، لە رێگەی ئێوەشەوە ئەم یادە شکۆدارە لە سەرجەم قوتابیانی ئازیزی کوردستان پیرۆز دەکەین. هیوادارین ئەم یادە پیرۆزە هاندەرێکی زیاتر بێت بۆ خەباتی مەدەنیانە و تێکۆشانتان لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی قوتابیانی کوردستاندا.

دامەزراندنی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان بەر لە 63 ساڵ، بەڵگەیەکی زیندووی هۆشیاری و ئاگایی سەرکردایەتیی سیاسیی گەلەکەمان بووە کە بە وەرچەرخانێکی گرنگ دادەنرێ لە مێژووی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیی کوردستاندا. ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان کە خاوەنی مێژوویەکی دێرینی پڕ لە سەروەرییە، قوتابخانەیەکی گەورەی پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و ڕۆڵەی تێکۆشەری دیاری ئەم گەلەیە کە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی ڕزگاریماندا ڕۆڵی دیاریان هەبووە.

ئەرکی ئەمڕۆی ڕێکخراوی قوتابیان لە هەر قۆناغێکی دیکە گرینگتر و هەستیارترە، بە تایبەت لە ڕووی بەرزکردنەوەی ئاستی زانست و کارکردن بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی و نەتەوەیی و هەستی بەرپرسیارێتیی زیاتری توێژی قوتابیان و پشتگیریکردن لە دەستکەوتە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی کوردستان بە شێوازی مەدەنیانە و خەباتی سەردەمیانە و نوێگەرانە، هەمیشەش چاوەڕێی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە لە ڕێکخراوێکی تێکۆشەری وەک یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەکرێت کە لە شۆڕشەکانماندا هەمیشە ئەندام و تێکۆشەرەکانی سەرەڕمی ئەم گەلەمان بوون، پۆل و هۆڵەکانی خوێندنی ئێوە، وەک سەنگەری پێشمەرگە قارەمانەکان، دواڕۆژێکی ڕووناکتر و ئاسوودەتر بۆ خاک و گەلەکەمان دابین دەکات.

بەرز و شکۆدار بێت یادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، لەگەڵ هیوای سەرکەوتن  و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانتان و مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی پرشنگدار بۆ گەل و نیشتیمانەکەمان.



نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
17 - 2 - 2016
 

هەواڵی پەیوەندیدار