٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: لاوان به‌رپرساره‌تیی نیشتیمانی و نەتەوەییشیان له‌ ئه‌ستۆیه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستاندا، (نێچیرڤان بارزانی) رایگه‌یاند، ئەرکی ڕێکخراوێکی خاوەن مێژووی دێرینی پڕ لە سەروەری و شانازیی وەک یەکێتی لاوان، وێڕای بەرپرسیاریەتییە ڕێکخراوەییەکەی، بەرپرسیاریەتییەکی نیشتیمانی و نەتەوەییی گەورەشە، بە تایبەت لە ڕووی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و هەستی نەتەوەیی و بەرپرسیاریەتیی توێژی لاوان لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستادا لەپێناو پاراستنی دەستکەوت و ڕەنجی دەیان ساڵەی خەباتی گەلەکەمان.

 

ده‌قی پەیامی پیرۆزبایی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە.

بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان،

سڵاوی خەبات و تێکۆشان،

بە بۆنەی شەست و سێهەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆتان و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان دەکەین، لە ڕێگەی ئێوەشەوە ئەم یادە شكۆدارە لە هەموو لاوانی ئازیزی کوردستان پیرۆز دەکەین.

لاوانی کوردستان وەک توێژی چالاک و زیندووی ئەم گەلە، هەمیشە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەییماندا، دیارترین جێدەستیان هەبووە و هەیە. دامەزراندنی ڕێکخراوێکی جەماوەریی تایبەت بەم توێژە کاریگەرە بەرلە نیو سەدە زیاتر، ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ ئاستی بەرزی هۆشیاری و سەردەمیانەی خەباتی گەلەکەمان بە شێوازی مەدەنیانەی دروست، هاوکات خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگیشە لە کاروانی تێکۆشان و خەباتی گەلەکەماندا بۆ گەیشتن بە ئامانج مافەکانی.

ئەرکی ڕێکخراوێکی خاوەن مێژووی دێرینی پڕ لە سەروەری و شانازیی وەک یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کە قوتابخانەی پێگەیاندنی دەیان سەرکردەی گەلەکەمانە لەم دۆخەی ئێستادا، وێڕای بەرپرسیاریەتییە ڕێکخراوەییەکەی، بەرپرسیاریەتییەکی نیشتیمانی و نەتەوەییی گەورەشە، بە تایبەت لە ڕووی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و هەستی نەتەوەیی و بەرپرسیاریەتیی توێژی لاوان لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستادا لەپێناو پاراستنی دەستکەوت و ڕەنجی دەیان ساڵەی خەباتی گەلەکەمان.

ڕێگای سەرفرازی و مانەوە و پێشکەوتنی هەموو گەلێک، بە نێو زیندوێتی و ئامادەییی لاوەکانیدا تێدەپەڕێت، لاوان هەمیشە هەڵگرانی مەشخەڵی ئێستا و ئایندەی گەل و نیشتیمانەکەیانن بەرەو سەرکەوتن و ئاسوودەیی.

دووبارە ئەم یادە شکۆدارە لە خۆتان و ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم لاوانی ئازیزی کوردستان پیرۆز دەکەین، هەمیشە سەرکەوتوو بن لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە ڕێکخراوەیی و مەدەنییەکانتان بۆ خزمەتی کوردستانە ئایزەکەمان و گەلە خۆڕاگر و قارەمانەکەمان.

نێچیرڤان بارزانی
جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموکراتی کوردستان

17 - 2 - 2016

 

هەواڵی پەیوەندیدار