سبەی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی کۆ دەبێتەوە

هەولێر-KDP.info- وهها بڕیارە، سبەی پێنجشهممه، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ بیێتەوە و، باسیش لە بەشداریکردنی (سەرۆک بارزانی) لە کۆنگرەی میونشن و قەیرانی دارایی و پرۆسەی سیاسیی ھەرێم و چەند تەوەرێکی دیکە دەکرێ.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان (عەلی حوسێن)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و، چاوەڕوان دەکرێت (سەرۆک بارزانی)یش بگەڕێتەوە و بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکات، ئەگەر نەگەڕایەوەش کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەگەری زۆر ھەیە کە بەشدار بێت.
(عەلی حوسێن) گوتیشی، تەوەرەکانی کۆبوونەوەش بریتی دهبێ له، بەشداریکردنی (سەرۆک بارزانی) لە کۆنگرەی میونشن، پێگەی کورد لەو کۆنگرەیە و قەیرانی دارایی و رۆڵی پارتی لە ھاوکاریکردنی حکوومەت بۆ چارەکردنی ئەو قەیرانەی دارایی و کاراکردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە ھەرێم، ھاوکات باس لە دۆخی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




